بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شیراز وەک شاری زانست و خوێندنگەکان، یەکێک لە بەناوبانگترین خوێندنگەکانی ئەم پارێزگایەی لە خۆیدا شوێن کردووەتەوە. خوێندنگەی خان لە سەردەمی سەفەوی و دەسەڵاتدارێتی شا عەباس بونیاد نراوە و لە قۆناغێکی مێژووییدا شوێنی وانەوتنەوەی مەلا سەدرا فەیلەسوفی بەناوبانگی ئێرانی بووە.
خوێندنگەی خان ئەمڕۆ بووەتە شوێنێکی گەشتیاری لە شیراز و وەک میراتێکی نیشتمانی تۆمار کراوە. ئەم خوێندنگە لە ئێستادا بۆ خوێندنە ئائینییەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
خوێندنگەی خان کەوتووەتە گەڕەکی ئێسحاق بەیگی شاری شیراز لە شەقامی لوتفعەلی خانی زەند.
بیرۆکەی کردنەوەی ئەم خوێندنگەیە لە لایەن ئەڵڵا وەردیخان گورجی حاکمی ئەو کاتەی شیراز بووە کە لە ڕیزی کەسایەتییە سەربازییەکانی شا عەباسی سەفەویدا بووە و بە هەوڵی ناوبراو پرۆژەی درووستکردنی خوێندنگەکە دەستیپێکرد. ئەڵڵا وەردیخان کە لە دیلەکانی خۆرجیا بوو، لە سەردەمی دەسەڵاتی شا تەهماسپ لە جۆرجیا بۆ ئێران دوور خرایەوە و وەک کرێکار گەیشتە دیوانی پاشایەتی سەفەوی.
ناوبراو دواتر بووە موسڵمان و لە سەردەمی شا عەباسی یەکەم لە لایەن شاوە وەک سەرۆک ئەرکانی سوپای پاشایەتی سەفەوی و هەروەها دەسەڵاتداری ویلایەتی فارس دەستنیشان کرا. ئەڵڵا وەردیخان لە ساڵی 1004 تا 1022 ی کۆچی مانگی دەسەڵاتداری ویلایەتی فارس بووە و لەو ماوەیەدا کارنامەیەکی زۆر درەوشاوەی لە گەشە و پێشکەوتنی بواری ڕۆشنبیریی ئێران لە خۆی یادگار هێشتەوە کە دەتوانین ئاماژە بە پردی ئەڵڵا وەردیخان لە ئەسفەهان یان هەمان 33 پرد، بازاڕی لار، ڕوباری عەباسی لە شیراز و چەندین پرد و کاروانسەرای دیکە لە ڕێگای ئەسفەهان بۆ شیراز بدەین.
ئەڵڵا وەردیخان کەسێکی ئازادیخواز بوو و دژی هەر بەربەست و ئاستەنگێک لە بەرامبەر ئازادی ڕادەربڕین بووە و بەم بۆنەوە مەلا سەدرای بۆ وانەوتنەوە لە خوێندنگەی خان بانگهێشتی شیراز کرد. مەلا سەدرا لە فەیلەسوفەکانی شێعە و دامەزرێنەرانی ” حیکمەتی موتەعالییە ” لە سەدەی 11 ی کۆچی مانگی بووە کە لەو کاتەدا بە هۆی سزای دوورخستنەوەی لە شاری قۆم ژیانی بە سەر دەبرد.
لە خاڵە گرنگەکانی کردنەوەی ئەم خوێندنگەیە دەتوانین ئاماژە بە پێدانی سەرجەم تێچووەکانی لە لایەن ئەڵڵا وەردیخانەوە بدەین. ناوبراو کاتێک بەوەی زانی کە کردنەوەی ئەم بینا زانستییە کاتی زۆری دەوێت، لە پاش تەواوبوونی بەشە پێویست و گرنگەکانی بۆ وانەوتنەوەی مامۆستایان و خوێندنی خوێندکاران، داوای لە مەلا سەدرا کرد کە سەردانی شیراز بکات.
لەو پێناوەدا ئەڵڵا وەردیخان لە بواری وانەوتنەوەدا دەسەڵاتی تەواوی دایە مەلا سەدرا و داوای لە ناوبراو کرد کە بە پێی حەز و خواستی خۆی پەرە بە بواری زانست لە شیرازدا بدات.
بەداخەوە کە ئەڵڵا وەردیخان نەیتوانی تەواوکردن پرۆژە زانستییە ببینێت، خوێندنگەیەک کە دەتوانین وەک زانکۆیەکی هەرە گرنگ و پێشکەوتوو لەو سەردەمەدا ناوی ببەین. ناوبراو پێش تەواوکردنی پرۆژەکە کۆچی دوایی کرد بەڵام کوڕەکەی بە ناوی ئیمام قولی خان درێژەی بە ڕێگاکەی باوکیدا و پرۆژەکەی لە ساڵی 1024 ی کۆچی مانگی تەواو کرد.
لە ساڵی 1229 ی کۆچی مانگی بە هۆی بومەلەرزەوە بینای خوێندنگەکە ڕووخا و یەکێک لە بازرگانەکانی ئەو سەردەمەی شیراز بە ناوی حاجی لوتفعەلی شیرازی نۆژەنکردنەوەی لە ئەستۆ گرت. هەروەها لە ساڵی 1269 ی کۆچی ماگی نهۆمی دووەمی خوێندنگەکە بەرەو ڕووخان دەڕۆیشت کە لە ساڵی 1273 لە لایەن حاجی میرزا عەلی ئەکبەر قەوام مولک شیرازی نۆژەن کرایەوە.
خوێندنگەی خانی شیراز لە ڕوبەروێکی 7700 مەتری چواگۆشەییدا درووست کراوە. خوێندنگەکە لە دوو نهۆم و چوار بەشدا 100 ژووری هەبووە کە بەداخەوە لە ئێستادا تەنیا 70 ژووری ماوەتەوە./.