بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نووسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندووە کە ناوبراو دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە پێشوازیی لە سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و شاندی یاوەری کردووە.
لەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە لاوڕۆڤ سڵاوی ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیای بە مالیکی گەیاندووە.
نوری مالیکی بە وەزیری دەرەوەی ڕووسیای ڕاگەیاندووە کە عێراق هەوڵی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لە گەڵ سەرجەم وڵاتانی جیهان دەدات.
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە ئاماژە بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا جەختی لە سەر گرنگی پابەندبوون بە ڕێکاری سیاسی و دیپلۆماسی و وتووێژ بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە کردەوە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش پاڵپشتی وڵاتەکەیی بۆ عێراق دەربڕی و ڕایگەیاند کە مۆسکۆ هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ بەغدا دەدات./.