بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق محەممەد باقری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە سزا و گەمارۆ و گوشار هیچ واتایەکی بۆ گەلی ئێران نییە و تەنیا ورە و ئیرادەیان بەهێزتر دەکات.
ناوبراو وتی: خەڵک لە گەڵ یەکتر و لە گەڵ سوپا، ئەرتەش و هێزە چەکدارەکان کە پشتیوانی ئەوانن، هەوڵی مسۆگەرکردنی ئامانجەکانیان دەدەن.
باقری وتی: دوژمنانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هیچ کوێ ناگەن و بە یارمەتی خودای گەورە، گەلی ئێران ئامانجەکانی شۆڕشی ئیسلامی بە تەواوی مسۆگەر دەکەن.
سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها بە ئاماژە بە هەڕەشەی سەدام بۆ بۆردومانکردنی ئێران لە ڕێپێوانی 22 ی ڕێبەندانی ساڵی 1365 ی کۆچی هەتاوی (1987)، وتی: ڕێپێوانەکەی ئەمساڵ هاوشێوەی 22 ی ڕێبەندانی ئەو ساڵە بوو کە خەڵک چەندین هێندەی ساڵانی ڕابردووی بەشدارییان کرد، ئەمساڵیش کە دوژمنان پیلانگێڕییان لە دژی ئێران کرد و بە شێوازی جۆربەجۆر گوشارەکانیان چڕ کردووەتەوە، گەلی ئێران چەندین هێندەی ساڵانی ڕابردوو ئامادەی ڕێپێوانی 22 ی ڕێبەندان بوون./.