بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پلانی مووشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی لە ڕیزی گەورەترین هەڕەشەکانی سەر ئەم وڵاتە و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەی کەنداوی فارس ناو بردووە.
ئەو هەڵوێستەی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە پاش کۆبوونەوەی شاندێکی باڵا لە گەڵ نوێنەرانی چەند وڵاتێکی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس بووە کە لەو کۆبوونەوەدا ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی دیسانەوە تۆمەتی بێ بنەمایان لە دژی ئێران دووبارە کردووەتەوە.
دانا ستراوڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژئاوای ئاسیا ڕایگەیاندووە کە درۆنەکانی ئێران و بڵاوبوونەوەی لە نێو گرووپەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گەورەترین هەڕەشە دادەنرێت.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی گاردیەن لە سەر زاری بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئێران دەبێتە هێزێکی جیهانی لە وەبەرهێنانی درۆنی هەرزان و کاریگەر.
ئەو ڕۆژنامەیە ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریکا سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەوەن کە چۆن ئێران لە کاراکتەرێکی ناوچەیی لە ڕووی درۆنەکانەوە بووەتە یەکێک لە پشتیوانانی سەرەکیی ڕووسیا لە شەڕی ئۆکراینا./.