بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بینای کازمی یان کۆشکی کازمی کە مۆزەخانەی تارانی کۆن ناوی نوێی ئەم بینایەیە، لە خانووە کۆنەکانی تارانە لە ناوچەی چاڵە مەیدانی کۆن و لە دراوسێتی ئیمام زادە یەحیا. بە واتایەکی باشتر لە ئێستادا ئەو بینایە لە شەقامی 15 ی جۆزەردان، لە گەڕەکی ئیمام زادە یەحیا، کۆڵانی ئەبولقاسم شیرازیدایە.
ئەم گەڕەکە کۆنە لە ڕووی بیناسازی و نیشتەجێبوونەوە هەڵگری بایەخ و تایبەتمەندییەکی زۆرە. ئەڵبەت بە هۆی گۆڕانکارییەکانی سەردەمەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە لەوێ نەماون و خەڵکانی دیکە بە جیاوازی کەلتوری و کۆمەڵایەتی لەوێدا نیشتەجێ بوون.
کۆشکی کازمی لە نێو خانوو و بیناکانی تەنیشت خۆی وەک ئەستێرەیەک دەدرەوشێتەوە، مێژووی درووستکردنی بۆ 100 ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، ڕوبەرەکەی 2033 مەتری چوارگۆشەیە.
ساڵی 2008 لە لایەن بەشی تەکنیکی و ئاوەدانکردنەوەی سەرۆکایەتی شارەوانی ناوچەی 12 ی تاران نۆژەن کراوەتەوە.
لە ئێستادا ئەم شوێنە وەک پرۆژەیەکی کەلتوری و کۆمەڵایەتی بۆ ناساندنی بەشێک لە داب و نەریت و کەلتوری ڕەسەنی خەڵکی ناوچەکە کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
مێژووی ئەم بینایە بۆ میرزا سەید کازم کوڕی سەید میرزا هەدایەتوڵڵا تەفرەشی دەگەڕێتەوە کە لە ساڵی 1226 ی کۆچی لە سەرەتای پاشایەتی محەممەد شای قاجاڕ دەستی بە ئیش و کاری حکومی کرد و لە سەردەمی ناسرەدین شای قاجاڕ یەکێک لە کەسانی دیاری دیوەخانی شا بووە.
لە ناوبراو چەندین بینای دیکەی وەک مزگەوت و خوێندنگە لە شەقامی ڕەی بە یادگار ماوەتەوە.
کۆشکی کازمی کاریگەریی لە دیزاینی باوی خانووەکانی ئەو سەردەمەی ئێران وەرگرتووە، هەروەها بە پێی نازناوی خاوەنەکەی و جۆری پەیوەندییەکان و پێگەی کۆمەڵایەتیی بونیاد نراوە. دیزاین و دەستپێکردنی بیناکە لە کۆتایی سەردەمی قاجاڕ بووە و لە سەرەتای سەردەمی پاڵەوی تەواو کراوە. بە پێی ئەوەی کە لە مێژووی ئەم بینایەدا هاتووە، بیناکە کۆمەڵەیەک بووە کە چەندین بەشی لێ جیا بووەتەوە.
بەڵام ئەوەش کە ماوەتەوە، بینایەکی کەلتورییە و بەشە سەرەکییەکەی بە ناوی شانشینە کە دوو نهۆمە. ئەم بینایە دوو حەوشەی هەیە. بەشی سەرەکی بیناکە بە ڕێژەی زیاتر لە 5 مەتر لە حەوشەکە بەرزترە. لە بینای سەرەکیش دوو هۆڵ لە سەنتەری بیناکەدا بوونیان هەیە./.