بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین لە بەیاننامەیەکدا پاشەکشەی فەرمیی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستینیان سەبارەت بە درووستکردنی شارۆچکە زایۆنیستەکان و دەرکردنی بەیاننامە لاواز و بێ بایەخەکەی ئیدانە کرد.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە سازشتی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەر لە بەرامبەر پاشەکشە لە هەڵوێستەکانی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی، بە واتای بەردەوامی فرۆشتنی خەون و خەیاڵە بە گەلی فەڵەستین و خۆبەدەستەوەدانە لە بەرامبەر حکومەتی ئەمریکا وەک هاودەست و پاڵپشتی ڕژێمی زایۆنیستی.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم سازشتە کە لە ڕوانگەی جەماوەری و نیشتمانی و سیاسییەوە ڕەتدەکرێتەوە و بە پێی زیاتربوونی خەباتی فەڵەستینییەکان لە دژی زایۆنیستەکانەوە کراوە، پیشاندەری شێوازێکی مەترسیدارە کە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەر جێبەجێی کردووە و کاریگەری ڕۆخێنەری لە سەر مافەکانی گەلی فەڵەستین دەبێت.
گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین ڕوونیان کردووەتەوە کە ئەرکی نیشتمانی، خەباتە لە ڕێگای خۆڕاگریی خەڵک لە دژی زایۆنیستەکان تا هێز و کاریگەریی گەلی فەڵەستین زیاتر بکرێت، لە بەر ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی و کابینە فاشیستەکەی تەنیا بە خۆڕاگری بەربڵاوی خەڵک واز لە سیاسەت و پیلانەکانی دێنێت.
ئەو گرووپانە جەختیان کردووەتەوە کە دەبێت خۆڕاگری بگاتە ئازادیی خاکی فەڵەستین و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ بە پایتەختی قودسی پیرۆز و کاتی ئەوەش هاتووە کە کارەساتە سیاسییەکان لە دژی پرسی فەڵەستین کۆتایی بێت و ستراتیژێکی نیشتمانی دابڕێژرێت کە کۆدەنگی فەڵەستینییەکانی لە سەر بێت و سیستەمێکی سیاسی بونیاد بنرێت کە لە سەر بنەمای بەشداری سەرجەم چین و توێژەکان بێت./.