بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەدەر لە وردەکاری ئەم مووشەک و درۆنە، ئەزموونەکانی ڕابردوو ئەوەی سەلماندووە کە کاتێک فەرماندە سەربازییەکانی ئێران باس لە سەرکەوتن و دەسکەوتێکی سەربازی دەکەن، قسەی بێهۆ ناکەن، بەڵام ئەوەی کە بۆ ئێمە گرنگە، هەڵوێست و لێدوانی بەرپرسانی وڵاتانی ڕۆژئاوایە.
ئەوەمان لەبیر ماوە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە قۆناغێکی نەچەندان دوور، گومانیان لەوە دەکرد کە مووشەکەکانی ئێران کاغەزین و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی فۆتۆشۆپن. بۆ نموونە، برایان هۆک بەرپرسی پێشووی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە تاران لە هاویشتنی مووشەکەکانی بۆ پیشاندانی تواناکانی خۆی کەڵک لە فۆتۆشۆپ وەردەگرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە وەزارەتی بەرگری ئەم وڵاتە ڕاپۆرتی وەهای لایە کە باس لە گەیشتنی ئێران بە مووشەکی سەروی دەنگ دەکات بەڵام هێشتا بە چاوی گومانەوە لێی دەڕوانێت.
ئێران پێویستی بە وەڵامدانەوەی ئەم لێدوانانە نییە. بەڵکوو ڕاست و درووستی زانیارییە ڕاگەێندراوەکان لە لایەن هێرشە مووشەکییەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد و هەروەها بە ئامانجگرتنی بنکەی گرووپە تیرۆریستییەکان لە سوریا و هەرێمی کوردستان سەلمێندراوە. هەمووانیش ئاگاداری کارامەیی و کاریگەری ئەم مووشەکانەن.
ئەمانەش بووە هۆی ئەوەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا پێداچوونەوە بە لێدوانەکانیاندا بکەن و ڕاستییەکان قبووڵ بکەن.
ئێستا کەسێک لەو بەرپرسانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گومانەوە لە توانا بەرگرییەکانی ئێران ناڕوانێت، بەڵکوو گەیشتووەتە ئەوەی کە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە مووشەک و درۆنەکانی ئێران بە گرنگترین و گەورەترین هەڕەشەکانی بەردەم واشنتن و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەی کەنداوی فارس دادەنرێن.
وڵاتانی ڕۆژئاوا پێشتر بە گومانەوە لە دەسکەوتە سەربازییەکانی ئێرانیان دەڕوانی، بەڵام ئێستا لە بەرامبەر ئەو توانایە، وێڕای دانپێدادان، بێدەنگی هەڵدەبژێرن./.