بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەو پێشوازییە گەرمییەی کە لە لایەن سەرۆکایەتییەکان و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق لە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کرا، پیشاندەری ئەوەیە کە ئەم سەردانە لەم کات و ساتەدا چەندە گرنگ بووە.
ئامانجەکان
یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی سەردانەکەی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی شەشەمی دانوستانەکانی ئێران و سعوودیەیە. پێشتر فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە سەردانی عێراقی کردبوو و لە کۆبوونەوەی لە گەڵ فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە و محەممەد شیاع سودانی پرسی وتووێژەکانی لە گەڵ ئێران تاوتوێ کردبوو. محەممەد کازم ئالی سادق باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ڕایگەیاندووە کە چاوەڕوان دەکرێت وتووێژەکانی تاران – ڕیاز لە داهاتوویەکی نزیکدا بەڕێوە بچێت.
پرسی ڕێکەوتنی ناوەکی و گەیاندنی پەیامی ئەمریکییەکان لە لایەن عێراقەوە تەوەرێکی دیکەی وتووێژەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەغدا بووە. هێشتا ناوەڕۆکی پەیامەکە ڕوون نەبووەتەوە بەڵام ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاژانسی سپۆتنیکی ڕاگەیاند کە چەندین وڵاتی ناوچەکە بە تایبەت عێراق پێشنیاری نێوەندگێڕییان لە ڕێکەوتنی ناوەکیدا کردووە.
لەم سەردانەدا وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە تاران هەوڵی زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ میسر دەدات و لەم پێناوەدا پێشوازی لە ڕۆڵی عێراق دەکات. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات دەتوانێت دەسکەوتێک بۆ وەزیری دەرەوەی ئێران بێت.
پەیوەندییە ئابورییەکان ئامانج و تەوەرێکی دیکەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا بووە، بە تایبەت بەردەوامی هەناردەی غاز و کارەبای ئێران بۆ عێراق و تەواوکردنی چەندین پرۆژەی هێڵی ئاسن لە نێوان هەر دوو وڵات.
پەیامە سیاسییەکان
ئەم سەردانە چەندین پەیامیشی هەبوو. یەکەم ئەوەی کە دیپلۆماسیەتی تاران لە ناوچەکە بەردەوام بە چالاکی ماوەتەوە و عێراق گرنگییەکی زۆری لەم پێناوەدا هەیە.
دووەم، ئەوەی کە سەردانەکە چوار ڕۆژ درێژەی هەبووە و ئەمەش چەندین کۆبوونەوەی سیاسیی لە خۆ گرتووە و پیشاندەری ئامادەبوونی چالاکانەی ئێرانە لە عێراق.
سێهەم، پەیامێک بۆ هەرێمی کوردستان بوو کە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند بوونی گرووپە تیرۆریستی و جوداییخوازەکان لە هەرێمی کوردستان چیدی قبووڵکراو نییە.
چوارەم، کۆبوونەوەی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە گەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق ئەوەی پیشاندا کە ئێران نەک تەنیا دەتوانێت لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق ڕۆڵ بگێڕێت بەڵکوو بەردەوام پێگەی خۆیی لە نێو کوردەکانیش بەهێز کردووە./.