بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر داهات حەوێزی ڕایگەیاندووە کە توشبووانی شەکرە ئەگەر تووشی سکچوون و ڕشانەوە بوون، دەبێت بەپەلە سەردانی نەخۆشخانە بکەن، لە بەر ئەوەی کە نەخۆشی شەکرە پرۆتین زۆر فڕێ دەدات لە ڕێگای گورچیلەکانەوە و بەمەش گورچیلەکان فشاری زیاتریان لە سەر دەبێت و سست دەبن، بە سکچوون و ڕشانەوە ئەم فشارەش زیاتر دەبێت.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە سیستەمی بەرگری جەستە لە توشبووانی شەکرەدا لاوازترە، بەمەش زیاتر و زۆرتر تووشی هەوکردن دەبن و گورچیلەیان بە باشی ئیش ناکات، بە سکچوون و ڕشانەوە ئەم کاریگەرییە زیاتر دەبێت و شەکرەیان زیاتر بەرز دەبێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەندێک دەرمانی شەکرە قورس و بەهێزن، سکچوون و ڕشانەوە زیاتر دەکەن و فشاری زیاتر دەخەنە سەر گورچیلەکان، بۆیە لەو حاڵەتانەدا پێویستە زوو دەرمانەکانیان بۆ ڕێکبخرێتەوە و لە هەر حاڵەتێکی توشبوونی نەخۆش بە سکچوون و ڕشانەوە دەبێت بەپەلە سەردانی نەخۆشخانە بکات و چارەسەری پێویست وەربگرێت./.