بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر داهات جەمال حەوێزی پزیشکی پسپۆڕی هەناوی و شەکرە و دڵ ڕایگەیاندووە کە زۆربەی توێژینەوەکان کۆکن لە سەر ئەوەی کە ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە 2 تا 4 هێندە زیاتر ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ هەیە، هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە و تووشی نەخۆشییەکانی دڵ بوون 10 تا 12 ساڵ کەمتر بژین بەراورد بە کەسێکی دیکە.
نەخۆشی شەکرە چۆن دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ؟
بە تێپەڕبوونی کات، بەرزبوونەوەی شەکری خوێن دەبێتە هۆی تێکچوونی فیسیۆلۆجی خوێنبەرەکانی جەستە.
هەروەها ئەو کەسانەی شەکرەی جۆری 2 یان هەیە تووشی ناچالاکی ئەنسۆلین دەبن ئەمەش کاریگەری دەبێت لە سەر تەندرووستی دڵ و بۆرییەکانی خوێن.
قەڵەوی بە تایبەت قەڵەوی ورگ کە چەوری دەوری ڕیخۆڵەکان زیاتر دەکات ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاتر دەکات.
بەرزی پەستانی خوێن هاوکات لە گەڵ نەخۆشی شەکرە مەترسی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زۆر زیاد دەکات.
زۆری چەوری دڵ LDL یان چەوری خەراپ لە خوێندا دەبێتە هۆی گیران و تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکان.
ئەم هۆکارانە بە تێپەڕبوونی کات دەبنە هۆی تێکشکاندن و برینداربوونی ناوپۆشی خوێنبەرەکان، بەرزی ڕێژەی چەوری خەراپ لەو شوێنانە دەبێتە هۆی ڕەقبوونی خوێنبەرەکان و تەسکبوونەوەی ناوپۆشی خوێنبەرەکان، لە ئەنجامدا خوێن بە باشی ناچێت بۆ دیواری دڵ و دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ.
ئەو نەخۆشییانەی دڵ بە هۆی بەرزبوونەوەی شەکرەوە درووست دەبن چین؟
1 – تەسکبوونەوە و گیرانی خوێنبەرەکانی دڵ کە دەبنە هۆی جەڵتە یان زەبحەی دڵ.
2 – لەکارکەوتنی ماسولکەکانی دڵ کە سستی دڵیش ناو دەبرێت.
3 – بەرزی فشاری خوێنی دڵ یان ڕەقبوون و ئەستوربوون یان گرژبوونی دیواری دڵ کە دەبنە هۆی گیرانی دەمارەکانی مێشک و جەڵتەی مێشک و گیرانی خوێنبەرەکانی قاچ و گانگرین.
4 – مردنی کتوپڕ./.