بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ” سەیفودین مەوعید “ بەڕێوەبەری کەناڵی ” فلسطین الیوم ” سەبارەت بە هەلومەرجی پەیامنێران و میدیا چالاکەکان لە پرسی فەڵەستین وتی: چالاکوانانی میدیایی و تەنانەت بینا و بارەگای کەناڵەکان و میدیاکان بەردەوام دەبنە ئامانجی هێرشی زایۆنیستەکان، بە تایبەت کەناڵی فلسطین الیوم کە بەردەوام بووەتە ئامانجی ئەو هێرشانە. هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوام هێرشیان کردووەتە سەر نووسینگەکانی ئێمە لە کەرتی خۆرئاوا و بەڕێوەبەری نووسینگەکە و چەندین فەرمانبەریان دەستبەسەر کردووە و دەستیان بە سەر کەلوپەلی نووسینگەکەدا گرتووە و ڕێگرییان لە چالاکی کەناڵەکە لە کەرتی خۆرئاوا کردووە.
ناوبراو وتی: ئەمڕۆ کەناڵی فلسطین الیوم بە شێوازی نهێنی کارەکانی بەڕێوە دەبات لە بەر ئەوەی کە ئاستەنگ و بەربەستەکان زۆرن و هێزە داگیرکەرەکانی ڕژێمی زایۆنیستی تا ئێستا چەندین جار بەرەو پەیامنێران و وێنەهەڵگرانی کەناڵەکەمان لە کاتە جیاجیاکاندا تەقەیان کردووە.
سەیفودین مەوعید وتی: کاتێک ئاڵۆزی و ڕووداوێک ڕوو دەدات و پەیامنێرێک بۆ ڕووماڵکردنی دەڕوات، ڕاستەوخۆ دەکرێنە ئامانجی تەقەی هێزەکان، وەک چۆن کە زایۆنیستەکان شیرین ئەبوعاقلەیان کردە ئامانج و شەهیدیان کرد لە کاتێکدا کە تیمی کەناڵی فلسطین الیوم لە گەڵ ئەودا بوون و هێرش کرایە سەر هەموویان.
ناوبراو وتی: هێزە داگیرکەرەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ترسیان لە میدیاکان هەیە تا تاوانەکانی بڵاو نەکەنەوە، ئەوان لەوەش دەترسن کە میدیاکان ڕووی ڕاستەقینە و دژە مرۆییان بۆ ڕای گشتی پیشان بدەن. ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵ دەدات ئەو بابەتانە بڵاو بکرێنەوە کە جیاوازییەکی زۆری لە گەڵ ڕاستییەکان و مافی فەڵەستینییەکان هەیە، هەر بۆیە هەوڵ دەدات دەنگی فەڵەستینییەکان کپ بکاتەوە.
بەڕێوەبەری کەناڵی ” فلسطین الیوم ” وتی: هێرشێکی زۆر کراوەتە سەر فەڵەستینییەکان تا وێنەی ئەوان بە پێچەوانەوە پیشان بدات و ڕاستییەکان وەک خۆی بڵاو نەکرێنەوە، ئەم سیاسەتەش لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستی و ئەو وڵاتانەی عەرەب کە پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردووەتەوە، بەڕێوە دەبرێت. ئەوان هەوڵی پێچەوانە پیشاندانی ڕاستییەکانی فەڵەستین دەدەن و دەیانەوێت وا بڵێن کە فەڵەستینییەکان نیشتمانی خۆیان ناوێت.
سەیفودین مەوعید وتی کە ئێمە لە سەر ئەم بابەتە لە میدیاکانی فەڵەستین کار دەکەین و لەو بڕوایەداین کە ئەم ئەرکەش لە سەر شانی گەلانی عەرەب و بەرەی خۆڕاگرییە تا هەواڵ و زانیارییە هەڵە و ناڕەواکان لە سەر ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین کاریگەری نەرێنی دانەنێت.
بەڕێوەبەری کەناڵی ” فلسطین الیوم ” وتی: لە ڕابردوودا هەوڵێکی هاوبەش لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا و چەندین وڵاتانی عەرەبی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی و پشتگوێخستنی ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین هەبووە، بە شێوازێک کە گەلی فەڵەستین لە پێگە ئیسلامی و عەرەبییەکەی جیا بکرێتەوە بەڵام بە بۆچوونی من ئەم هەڵوێستەی وڵاتانی عەرەبی لە گەڵ هەڵوێستی گەلانی عەرەبی زۆر جیاوازە، وەک چۆن لە ساڵی 2019 و شەڕی شمشێری قودس بینرا کە چۆن دانیشتووانی ئەو وڵاتانەی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ زایۆنیستەکان ئاسایی کردووەتەوە، پاڵپشتییان لە فەڵەستینییەکان کرد.
ناوبراو وتی: پێم وایە کە ئەم هەوڵانە بۆ دوورخستنەوەی دانیشتووانی وڵاتانی عەرەبی لە ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین ڕوبەڕوی شکست دەبێتەوە، وەک چۆن کە ڕابردوو ئەمەی سەلماندووە./.