بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ژانگ مینگ لە کۆبوونەوەی لە گەڵ عەلی باقری وتی کە ئێران لە سەر ئاستی ناوچەکە و جیهان وڵاتێکی کاریگەرە و لە ساڵانی ڕابردوو تا ئێستا بەشدارییەکی چالاکانەی لە کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوی شانگهای هەبووە.
ناوبراو وتی: تێڕوانینی ئێران بەرامبەر بە ڕێکخراوی شانگهای، تێڕوانینێکی ستراتیژییە و بەم هۆیەوە بە جیدی کارمان لە سەر ئەندامبوونی ئێران کردووە، ئەم ڕێکخراوە دەرفەتێکە بۆ هاوکاری وڵاتانی سەربەخۆ و لە بوارەکانی سیاسی، ئەمنی، ئابوری و ڕۆشنبیری هەوڵی سەرکەوتووی هەبووە.
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا عەلی باقری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی وتی کە جیاوازی ڕێکخراوی شانگهای لە گەڵ زۆربەی ڕێکخراوەکانی ڕۆژئاوا ئەوەیە کە بە پێی بڕیاری وڵاتانی سەربەخۆ پێکهاتووە و تێڕوانینی ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی و مافی سەروەری وڵاتانی هەیە و هەر بۆیە دەتوانێت چارەسەری بەردەوام بۆ پرس و کێشە نێودەوڵەتییەکان بخاتەڕوو./.