بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر عارف گۆران پسپۆڕ و ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی هەنگاو و پسپۆڕ لە نەخۆشییەکانی شەکرە و هۆرمۆن، چەند ڕاستییەکی لە سەر چەوری خوێن و چارەسەرەکانی بڵاو کردووەتەوە.
1 – مرۆڤ کە لە دایک دەبێت چەوری لە خانەکانی جەستەیدا هەیە، چەوری بەشێکی گرنگە بۆ ئەوەی جەستە بتوانێت کارەکانی خۆی بە باشی جێبەجێ بکات، چەوری زۆر گرنگە بۆ زۆربەی هۆرمۆنەکانی جەستە و کۆمەڵێک ڤیتامین هەیە لە نێو چەوری دەتوێنەوە و جەستەی مرۆڤ سودی لێ وەردەگرێت. هەروەها چەوری یارمەتی جگەر دەدا بۆ ئەوەی هەندێک ترشەڵۆک درووست بکات کە ڕۆڵێکی گرنگ لە کارەکانی جەستە دەبینێت، لە پاڵ ئەو خاڵە ئەرێنییانە بەرزی چەوری خوێن یەکێکە لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.
2 – هۆکاری بۆماوەیی ڕۆڵێکی گەورەی لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی چەوری هەیە. لە سەدا 75 ی حاڵەتەکانی بەرزی چەوری خوێن پەیوەستە بە هۆکاری بۆ ماوەیی. هەرچەندە باسی زۆر جۆر لە ڕژێمی خۆراک دەکرێت بۆ دابەزینی ڕێژەی چەوری خوێن، بەڵام لە ڕاستیدا کەمترە لە سەدا 25 ی حاڵەتەکانی بەرزی چەوری پەیوەندی بە خواردنەوە هەیە، بۆیە کەسانی لاواز و ئەوانەی ڕژێمێکی ڕێک و پێکی خواردنیش پەیرەو دەکەن، زۆر جار تووشی بەرزی چەوری خوێن دەبن.
3 – چەوری خوێن لە چەند بەشێک پێک دێت کە دەتوانین بۆ ئەم چەند جۆرەی خوارەوە دابەشی بکەین:
چەوری خەراپ یان LDL: ئەم جۆرە هۆکاری سەرەکییە بۆ تەسکبوونی خوێنبەرەکانی جەستە بە گشتی و توشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک، ئەم جۆرەی چەوری چەندە کەمتر بێت باشترە و ئەگەرەکانی توشبوون بە جەڵتەی دڵ کەمتر دەکاتەوە.
چەوری باش یان HDL: ئەم جۆرەیان زۆر پێویست و گرنگە بۆ جەستە. دەرکەوتووە باشترین ڕێگا بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئەو جۆرە لە چەوری وەرزشکردنە و هەروەها خواردنی ماسی سەلەمون و ئەڤۆکادۆ سوودی هەیە بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئەو جۆرەی چەوری.
چەوری سیانی یان Triglyceride: ئەم جۆرەشیان زیانبەخشە بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر لە جۆری LDL، بۆ ئەوەی ڕێژەی درووستی ئەو چەورییە بزانیت باشتر وایە لە خورینی پشکنینی خوێن بکرێت، ئەم جۆرەی چەوری بەدەر لە زیانەکانی بۆ خوێنبەرەکانی جەستە ئەگەر بە ڕێژەیەکی زۆر زیاد بێت بۆی هەیە ببێتە هۆکاری هەوکردنی پەنکریاس.
4 – بەرزی چەوری خوێن هیچ نیشانەیەک درووست ناکات، هەرچەندە زۆربەی خەڵک هۆکاری سەرسوڕان و گێژی و کۆمەڵە نیشانەکەی دیکە دەبەستنەوە بە ڕێژەی چەوری لە خوێن بەڵام لە ڕاستیدا ئەو نیشانانە هیچ پەیوەندییەکیان بە بەرزی چەوری خوێنەوە نییە.
5 – ئەگەری هەیە کە کەسانی گەنجیش تووشی کێشەی بەرزی چەوری خوێن بن، جۆرێک چەوری بۆ ماوەیی کە ماکەکانی لە تەمەنی گەنجییەوە دەردەکەوێت و ڕێژەی چەوری ئەو کەسانە زۆر بەرز دەبێت و دەبێتە هۆی نەخۆشی دڵ. بۆیە ئەو خێزانانەی کەسێکی گەنجیان بە هۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی دەکات یان تووشی نەخۆشی دڵ دەبێت پێویستە پشکنینی خوێن بۆ هەموو ئەندامەکانی دیکەی ئەو خێزانە بکەن.
6 – بەکارهێنانی دەرمان بۆ چارەسەری کێشەی بەرزی چەوری خوێن بەشێکی گرنگی چارەسەرییە بۆ هەموو ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشی دڵیان هەیە یان شەبەکەیان بۆ دانراوە. بە هەمان شێوە ئەوانەی تووشی جەڵتەی مێشک بوون بەشی هەرە زۆری توشبووانی نەخۆشی شەکرە، بە تایبەت جۆری دووەمی شەکرە، پێویستیان بە دەرمان هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرزی چەوری خوێن، کۆمەڵە حاڵەتێکی دیکە هەیە پێویستە دکتۆر ڕێژەی مەترسی بۆ توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ دیاری بکات و بڕیار بدات لە ئەگەری پێویستی بۆ بەکارهێنانی دەرمان بۆ چارەسەرکردنی بەرزی چەوری خوێن.
7 – بەرزی چەوری خوێن حاڵەتێکی زۆر باوە، لە هەندێک وڵات لە هەر سێ کەس یەکێک لەوان ڕێژەی کۆلیسترۆڵی بەرزە، بۆیە هەندێک لە ناوەندە زانستییەکان بە باشی دەزانن کەوا کەسانی سەروی تەمەن بیست ساڵ هەر پێنج ساڵ جارێک پشکنینی خوێنیان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بە وردی چاودێری ڕێژەی چەوری خوێنیان بکەن، لە بەر ئەوەی لێکۆڵینەوەکان وا دەردەخەن کە خەڵکانێکی زۆر ڕێژەی چەوری خوێنیان بەرزە و ئاگادار نین. دەستنیشانکردنی ڕێژەی چەوری ئەو خەڵکانە و چارەسەرکردنیان هۆکارێکی گرنگە بۆ کەمبوونەوەی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.
8 – بەرزی ڕێژەی چەوری خوێن تەنیا لە ڕێگای پشکنینی خوێن دیاری دەکرێت. لە هەندێک حاڵەتی زۆر کەم بۆی هەیە هەندێک گۆڕانکاری و نیشانە لە پێستی مرۆڤ درووست بکات کە بەرزی چەوری خوێن لای نەخۆش نیشان بدات.
9 – لە ڕابردوو دەرمانی کاریگەر نەبوو بۆ چارەسەری بەرزی چەوری خوێن، سێ دەیە بەر لە ئێستا دەرمانێکی زۆر کاریگەر دۆزرایەوە کە بە Statins دەناسرێت. دەرکەوت کە ئەو دەرمانە کاریگەری زۆرە و ڕێژەی چەوری کەم دەکاتەوە و ئەو کەسانەی بەکاری دەهێنن بە ڕێژەیەکی زۆر بەرچاو لە جەڵتەی دڵ و مێشک دوور دەبنەوە.
10 – هەموو جۆرەکانی ئەو دەرمانە بوونی هەیە و ئەوانەی بە شێوازێکی گشتی بەکار دەهێندرێن، بەریتین کە سیمڤاستاتین، ئەتۆرڤاستاتین و ڕۆزوڤاستاتین. مەرج نییە نەخۆش جۆری گران و براندی ئەو دەرمانانە بەکار بهێندرێت، لە بەر ئەوەی کە ئەو دەرمانانەی بە هەرزانیش دەست دەکەون هەمان کاریگەرییان هەیە، تەنیا هێندە هەیە دەبێت ئەو دەرمانە بە شێوەکەی بەردەوام بەکار بهێندرێت، لە بەر ئەوەی کە هەر کاتێک نەخۆش ئەو دەرمانە ڕابگرێت پاش چەند ڕۆژێکی کەم دیسانەوە چەورییەکەی بەرز دەبێتەوە، بۆیە لە زۆربەی حاڵەتەکان نەخۆش دەبێت ئەو چارەسەرە بە درێژایی ژیانی وەربگرێت، وا باشە کە ستاتین پێش کاتی خەوتن بەکار بهێندرێت.
11 – لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە ستاتین بە شێوەیەکی گشتی دەرمانێکی تەندرووستە، بەڵام پزیشکی پسپۆڕ دەبێت بڕیار بدات کەی ئەو دەرمانە بە چ بڕێک بەکار بهێندرێت. نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە پێش بەکارهێنانی ئەو دەرمانە دەبێت پشکنینی خوێنی جگەر بۆ نەخۆش بکرێت. ژمارەیەکی زۆر کەم لەو کەسانەی ئەو دەرمانانە وەردەگرن ئەگەری ئەوە هەیە تووشی هەوکردنی ماسولکەکان ببن، بۆیە ئەو کەسانەی ستاتین وەردەگرن ئەگەر هەستیان بە ئازاری ماسولکەکان کرد پێویستە ئاگاداری دکتۆرەکەیان بکەنەوە، لە هەموو حاڵەتەکاندا ئەو دەرمانە نابێت بۆ ژنانی دووگیان بەکار بهێندرێت.
12 – لە کاتێکدا دەرمانی ستاتین کاریگەری زۆرە بۆ کەمکردنەوەی چەوری خەراپ یان LDL، بەڵام هەمان ئەو کاریگەرییەی نییە بۆ چەوری سیانی یان Triglyceride. بۆیە ئەو کەسانەی چەوری ژێر پێستیان زۆر بەرزە باشتر وایە دەرمانی Fibrates بەکار بهێنن، هاوکات دەبێت ئەوەش بزانن کە بەکارهێنانی ستاتین و فایبریت لە یەک کاتدا ئەگەری هەوکردنی ماسولکەکان زۆر زیاتر دەکات، بۆیە دەبێت ئەم نەخۆشانە لە لایەن دکتۆری تایبەتمەندەوە بە وردی چاودێری بکرێن./.