بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆشکی سەعدئاباد لە سەردەمی حکومەتی قاجاڕ بونیاد نراوە و چوار قۆناغی مێژوویی ئێرانی بە خۆوە بینیوە کە بریتین لە سەردەمی قاجاڕ، پاڵەوی یەکەم، پاڵەوی دووەم و سەردەمی پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران. پاشاکانی قاجاڕ ئەم کۆشکەیان وەک شوێنی حەوانەوەی هاوینەی خۆیان کردەوە و لە وەرزی هاویندا لەوێ نیشتەجێ دەبوون.
چەندین بینا لەم کۆمەڵەیدان، هەمووی پاش کودەتای ساڵی 1299 کە بنەماڵەی پاڵەوی کۆمەڵەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد و چەندین بینای دیکەیان پێ زیاد کرد. هەر یەک لەو بینایانەش سەر بە یەکێک لە کەسەکانی بنەماڵەی پاڵەوی بووە و ژمارەیان دەگاتە 18 بینا.
هەر یەک لەو بینایانەش شێوازی بیناسازی جیا و تایبەت بە خۆی هەیە. نوێترینی بیناکانیش سەر بە کچە بچووکەکەی محەممەد ڕەزا پاڵەوی بووە کە ئەمڕۆ بە ناوی مۆزەخانەی ئابکار دەناسرێت.
کۆنترین کۆشکی ئەم کۆمەڵەیەش کۆشکی ئەحمەد شاییە. کاتێک کە ڕەزا شا گەیشتە دەسەڵات، زۆربەی بیناکان سەر بە کۆمەڵەی سەعدئاباد نەبوون و ڕەزا شا ئەوانی کڕی و پەرەی بە کۆمەڵەکەدا. کۆشکی مەلیکەی دایک وەک یەکەم بیناکانی کۆمەڵەی سەعدئاباد دەناسرێت.
ئەو زەوییەی کە بینا سەرەتاییەکانی کۆمەڵەی سەعدئابادی لە خۆیدا شوێن کردووەتەوە، 8 هەزار مەتری چوارگۆشە بووە. پاش شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1357 ی کۆچی هەتاوی و هەڵهاتنی بنەماڵەی تاوانباری پاڵەوی، کۆمەڵەی سەعدئاباد گۆڕانکاریی بە سەردا هات و لەو ڕۆژەوە تا ئێستا وەک کۆشکی مۆزەخانە بەکار هاتووە.
بەڵام کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری ئەمڕۆش لە تەنیشت ئەم کۆمەڵەدایە و کۆشکی مەلیکەی دایکیش وەک شوێنی پێشوازی لە میوانانی بیانی بەکار دێت. گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانیش زۆرن کە سەردانی کۆشکەکانی ئەم کۆمەڵەیە دەکەن. کۆشکی سەعدئاباد لە بەرواری 26 ی بەفرانباری ساڵی 1376 ی کۆچی هەتاوی بە ژمارە 1957 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.
کۆمەڵەی مێژوویی سەعدئاباد لە زەوییەکدایە بە ڕوبەری نزیکەی 300 هێکتار کە 110 هێکتاری بووەتە شوێنی بینا و کۆشکەکان و 180 هێکتاری دیکەش باخ و کارێز و گوڵخانەکانە. لە درووستکردنی بینا و کۆشکەکانی سەعدئاباد کەڵک لە تێکەڵاوکردنی شێوازی بیناسازی ئەورووپی و ئێرانی وەرگیراوە و بەناوبانگترین ئەندازیارانی ئێرانی و بیانی لەو پرۆژانەدا ڕۆڵیان هەبووە.
گرنگترینی ئەو کەسانەش ئەندازیار خورسەندی لە ئێران و بۆریس لە ڕووسیا بوون.
یەکێکی دیکە لە بیناکانی کۆمەڵەی سەعدئاباد، کۆشکی شەمسە کە لە بەشی باکوری ڕۆژئاوای کۆمەڵەی سەعدئاباد لە ساڵی 1314 تا 1318 ی کۆچی هەتاوی درووست کراوە. ئەم کۆشکە بە ڕوبەری 2600 مەتری چوارگۆشە لە دوو نهۆم و ژێرزەویندا کراوەتەوە.
لە درووستکردنی ئەم بینایەش کەڵک لە شێوازی ئەورووپی بە تایبەت ئەڵمانی و هەروەها بیناسازی ڕەسەنی سەردەمی ساسانییەکانی ئێران وەرگیراوە./.