بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەمید حوسێنی سەبارەت بە پارە ڕاگیراوەکانی ئێران لە وڵاتی عێراق وتی: عێراق پارەی غاز و کارەبای ئێران دەخاتە سەر حسێبی یەکێک لە بانکەکان بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نییە کە ئێران بە ئاسانی دەستی بەو پارەیە دەگات.
ناوبراو وتی: پارەکانی ئێران لە بانکێکدایە کە لە لایەن ئەمریکاوە چاودێری دەکرێت و تەنیا موڵەتی هاوردەکردنی ئەو کاڵایانە دەدرێت کە لە ڕیزی سزاکاندا نین، بە شێوازێک کە ساڵی ڕابردوو یەک ملیار دۆلار لەو پرۆسەیەدا بۆ ئێران گەڕایەوە و قەرزەکانی تورکمانستان لە ئێرانیش لەو ڕێگایەوە درایەوە.
ئەمینداری گشتی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران – عێراق وتی: لە سەردانەکەی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی عێراق، موڵەتی دانەوەی 500 ملیۆن دۆلار لە قەزەکانی ئێران لە بانکەکانی عێراق وەرگیراوە.
حوسێنی وتی: وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە ئەمریکییەکانی ڕاگەیاندووە کە نزیکەی 18 ملیار دۆلار قەرزی ئێرانمان لایە، ئەڵبەت سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران ئەو قەرزەی بە کەمتر ناو بردووە و لە ڕابردوودا باس لە 10 ملیار دۆلار کراوە.
ناوبراو سەبارەت بە جیاوازی ڕێژەی قەرزەکانی ئێران لە عێراق وتی کە ڕەنگە ئەم جیاوازییە بە هۆی پارەی هەناردەی غاز و کارەبا لەم ماوەیەدا بێت.
ئەمینداری گشتی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران – عێراق وتی: یەکێک لەو ڕێگایانەی کە دەتوانین زووتر بەو پارەیە بگەین، وەبەرهێنانە لە خاکی عێراق یان ئەوەی کە بازرگانە عێراقییەکان بۆ هەناردەی کاڵا بۆ ئێران هاوکاری بکەن.
حەمید حوسێنی وتی: ساڵانە 4 هەزار مێگابایت کارەبای عێراق لە لایەن ئێرانەوە دابین دەکرێت و نابێت لەم هەلومەرجەدا عێراق بە تەنیا بهێڵینەوە، ئەمەش بە واتای ئەوە نییە کە واز لە پارەکەی خۆمان دێنین.
ناوبراو وتی: عێراق ڕۆژانە 250 تا 300 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوتی هەیە کە بە پێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم پارەیە سەرەتا دەچێتە بانکی ئەمریکی و پاشان بە پێی میکانیزمێک پارەکە بۆ عێراق دەگەڕێتەوە.
ئەمینداری گشتی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران – عێراق وتی: دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە بازاڕی دراوی عێراق بووەتە کێشەیەک بۆ بازرگانانی ئەم وڵاتە کە لە سەدا 10 ی تێچووە بازرگانییەکان لە گەڵ ئێران زیاتر دەکات.
حەمید حوسێنی لە کۆتاییدا وتی: ئەم سیاسەتەی ئەمریکا ڕێگری لە هاتنی دۆلار بۆ ئێران ناکات لە بەر ئەوەی کە تێچووی گواستنەوەی کاڵا لە ئێرانەوە هەرزانترە و مەوداکەشی نزیکە و ئەمەش وا دەکات کە هەناردەی کاڵای ئێرانی بە نرخێکی کەمترەوە بەردەوام بێت./.