هەواڵی ڕێکەوتنی کۆتایی ئێران و سعوودیە بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە پاش 7 ساڵ پچڕانی پەیوەندییەکان و بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ئەم ڕێکەوتنە لە ڕۆژی هەینی 10 ی ئازاری 2023 لە پایتەختی چین، گۆڕانکارییەکی گەورەیە بە تایبەت لە پەیوەندییە ناوچەییەکان و ڕووداوە جیهانییەکان.
سەرەتای ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە بۆ سەردانەکەی ئەم دواییەی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چین دەگەڕێتەوە و یەکێک لە پێشنیارەکانی لایەنی چینی بە ئێران بووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر سعوودیە داوای دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی بە نێوەندگێڕی چین کردبوو و ئەم داوایەش لە لایەن ئێرانەوە پێشوازی لێکرابوو.
لە ئاکامدا ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە ڕۆژی هەینی 10 ی ئازار بە ئامادەبوونی ڕاوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی هەر دوو وڵات و سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دەسەڵاتداری چین لە پەکین واژۆی لە سەر کرا.
خاڵی گرنگ لەم ڕێکەوتنەدا پەراوێزکەوتنی ئەمریکا لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیایە. هەروەها ڕۆڵی چالاکی چین لەم ناوچەیە بە تایبەت دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە وەک دوو وڵاتی گەورەی ئیسلامی بە دەسکەوتێکی سیاسەتی دەرەوەی چین دادەنرێت، گرنگتر لە هەمووش ئەوەی کە لەم هەلومەرجەدا کە پەکین و واشنتن شەڕی هەژموونیان لە چەند ناوچەیەکی جیهان گەرم کردووە.
ئەم ڕێکەوتنە گرنگە لە کاتێکدا کراوە کە لە چەند مانگی ڕابردوو ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی پڕوپاگەندەیەکی زۆریان لە ڕێگای شەڕی میدیایی و دەروونییەوە لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکە دەستپێکردووە.
لە ڕاستیدا ئەم ڕێکەوتنە شکستێکی گەورەیە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی و سیاسەتەکانی ئەمریکا بۆ ناکۆکی خستنە نێو وڵاتانی ناوچەکە بە ئامانجی لاوازکردنی پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێران.
سعوودیە کە ئەمریکا و زایۆنیستەکان هەوڵیان دەدا ئامرازێکی گوشاری سەر ئێران لە ناوچەکە بێت، لە گەڵ تاران گەیشتووەتە ڕێکەوتنێکی گرنگ، ئەو ڕێکەوتنەی کە ئەنجامی خۆڕاگری ئێران و گرنگیدانە بە سیاسەتی باشترکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و پەراوێزخستنی ئەمریکا لەم گۆڕانکارییانەیە./.