بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن هانیزادە سەبارەت بە ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە وتی: سعوودیە پاش 7 ساڵ شەڕ و تێچوویەکی 650 ملیار دۆلاری لە یەمەن بەو ئەنجامە گەیشت کە بەردەوامی ئەم ڕەوتە دەسکەوتێکی بۆ ڕیاز نابێت، هەر بۆیە پەیامی سعوودیە لە ڕێگای حکومەتەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بۆ هەبوونی پەیوەندی لە گەڵ ئێران گەیشتە تاران، لەو چوارچێوەشدا 5 گەڕی دانوستانەکانی تاران و ڕیاز لە بەغدا بەڕێوەچوو. بڕیار بوو کە دانوستانەکان بچێتە قۆناغی سیاسییەوە کە ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردووی ئێران و ڕۆڵی نەرێنی سعوودیە بە تایبەت لە لایەن میدیاکانی سەر بەو وڵاتە بووە هۆی ڕاگرتنی دانوستانەکان.
ناوبراو وتی: پاش سەردانەکەی شی جین پینگ سەرۆک کۆماری چین بۆ سعوودیە، پەکین داوای نێوەندگێریی کرد، عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە هەفتەی ڕابردووەوە گەیشتە چین و دانوستانێکی گرنگ و ستراتیژیی لە گەڵ هاوتا سعوودیەکەی ئەنجامدا، دانوستانەکانیش گەیشتە ڕێکەوتنێکی گشتی بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان. بە نێوەندگێڕی چین ئەم ڕێکەوتنە دەتوانێت ڕووداوێکی گرنگ و ستراتیژی بۆ ناوچەکە و بۆ هەر دوو وڵاتی ئێران و سعوودیە بێت لە بەر ئەوەی کە هەر دوو وڵات خاوەن پێگەن لە ناوچەکە و هەر ڕووداوێک لە پەیوەندییەکانی نێوانیان کاردانەوەی زۆری لە ناوچەکەدا دەبێت.
هانیزادە وتی: ئەزموونەکان ئەوەیان سەلماندووە کە سعوودیە لە سیاسەتی ناوچەیی و جیهانیی خۆی بە شێوازی تەکتیکی هەنگاو دەنێت، ڕەنگە پەیوەندییەکانی ڕیاز و تاران بگاتە خاڵێکی بەردەوام. ئەگەری ئەوەش هەیە بە هۆی گوشارەکانی ئەمریکا سعوودیە بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بڕوات.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ڕێکەوتنی تاران و ڕیاز بۆ ئەوەی کە بتوانێت پەراوێزێکی ئەمن و شەرعییەتێکی ئیسلامی، جیهانی و ناوچەیی بە پەیوەندییەکانی سعوودیە و ڕژێمی زایۆنیستی بدات، ئەم وڵاتە بیەوێت لە پەیوەندییەکانی ئێران کەڵک وەربگرێت و بەرەو پەیوەندییەکی ئاشکرا لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بڕوات. ئەڵبەت ئەمە خوێندنەوەیەکە و دەبێت داهاتوو ئەوە ڕوون بکاتەوە کە سعوودیە لە پاش حەوت ساڵ چۆن ئامادە بووە پەیوەندییەکانی دەست پێبکاتەوە و ڕەنگە لە پشتی پەردەوە هەندێک بابەتی دیکە هەبێت.
ئەو شارەزایەی کاروباری نێودەوڵەتی وتی: نابێت ئەوەش لەبیر بکرێت کە تێڕوانینی دیمۆکراتەکان بەرامبەر بە محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە زۆر نەرێنی و پڕکێشەیە. بن سەلمان چاوەڕوانی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 ی ئەمریکا دەکات، ئەگەر دیمۆکراتەکان سەرکەوتن بە دەست بێنن سعوودیە ڕەوتی هاوکاری و پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران درێژە پێدەدات و بەرەو چین و ڕووسیاش دەڕوات. سێگۆشەی بەهێزی ڕووسیا، چین و ئێران پێکهێنراوە و ئەمەش دەتوانێت پاڵپشتییەک بۆ سعوودیە بێت. ئەگەر کۆماریخوازەکانیش بگەنە دەسەڵات، سعوودیە کەشێکی دیکەی بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی خۆی دەبێت لە بەر ئەوەی کە کۆماریخوازەکانی ئەمریکا پاڵپشتی لە بن سەلمان دەکەن./.