بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد شمەری ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ڕێکەوتنەکەی ئێران و سعوودیە لە سەر عێراق وتی: بە پێی ئەو سیاسەتە هاوسەنگەی کە چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێی دەکات، ئەم ڕێکەوتنە کاریگەری ئەرێنیی لە سەر عێراق دەبێت، عێراقیش هاوشانی چین هەوڵی مسۆگەربوونی ڕێکەوتنەکەی نێوان تاران و ڕیازی داوە.
ناوبراو وتی: وەها ڕێکەوتنێک بە واتای دەرکەوتنی هێماکانی لاوازبوونی ئەمریکا لە ناوچەکەیە، دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە بە نێوەندگێڕی چین لێدانێکی قورسە لە هەژموونی ناوچەیی ئەمریکا، ئەم ڕێکەوتنە سەقامگیری عێراقی بە دواوە دەبێت و بە سەرکەوتنێکی سیاسی ئێران لە بەرامبەر ئەمریکا دادەنرێت.
هەروەها سەباح عەکیلی شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی سەبارەت بەم ڕێکەوتنە ڕایگەیاند کە ڕێکەوتنی تاران و ڕیاز و دەستپێکردنەوەی فەرمی پەیوەندییەکان تا دوو مانگی داهاتوو، کاریگەری ئەرێنی لە عێراق و ناوچەکە بە دواوە دەبێت. ئەڵبەت ئەم ڕێکەوتنە ڕوبەڕوی چەندین کێشەی وەک هەوڵ و گوشارەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە پێناو ڕێگری لە هەژموونی چین لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتەوە.
ناوبراو وتی: ئەم ڕێکەوتنە پیشاندەری شکستی سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاتنی چین وەک کاراکتەرێکی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتییە./.