بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆی سەبارەت بە ڕێکەوتنی ئەم دواییەی تاران – ڕیاز وتی: وەزارەتەکانی دەرەوەی ئێران و سعوودیە سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ کۆبوونەوەی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و فەیسەڵ بن فەرحان و هیوادارین بە پێی ئەو پلان و نیازپاکییەی کە هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەمە ڕوو بدات.
ناوبراو وتی کە بەرنامەکان لە ڕێگای کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە بەردەوامە و هیچ بەربەستێک لە بەردەم کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی وەزیرانی دەرەوەی هەر دوو وڵاتدا نەماوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بەوەی کە ئایا کۆبوونەوەکە لە تاران، ڕیاز یان پایتەختێکی سێهەم دەبێت، وتی کە لە سەر ئەمەش ڕێکەوتن کراوە و لە کاتی خۆیدا بڵاو دەبێتەوە.
کەنعانی بە ئاماژە بە پێشوازی بەرچاوی ناوچەیی و جیهانی لە ڕێکەوتنەکەی ئێران و سعوودیە وتی کە ئەم گۆڕانکارییە ئەرێنییەش دەتوانێت سەبارەت بە وڵاتانی دیکە بە تایبەت بەحرەین ڕوو بدات و دەبێت متمانەی زیاترمان بە ڕێگای دیپلۆماسی هەبێت./.