بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژی پێنج شەممە 16 ی ئازاری 2023 چاوپێکەوتنی عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران و محەممەد بن زاید سەرۆکی ئیمارات لە شاری ئەبوزەبی بەڕێوەچوو و لەو چاوپێکەوتنەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و گرنگترین بابەتەکانی ناوچەکە و جیهان تاوتوێ کرا.
شەمخانی لەو چاوپێکەوتنەدا بە ئاماژە بە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات و هەروەها خاڵە هاوبەشەکانی ئائینی و کەلتوری، جەختی لە سەر پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئێران و ئیمارات لە سەرجەم بوارەکاندا کردەوە.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران وتی کە تاران و ئەبوزەبی دەتوانن لە پێناو هاوکارییە دووقۆڵییەکان و پتەوکردنی دیپلۆماسیەتی دراوسێبوون هەنگاوی گەورە هەڵبگرن.
شەمخانی لە درێژەدا هۆکارەکانی ناسەقامگیری ناوچەکەی لە لایەن وڵاتانی بێگانەوە ڕوونکردەوە و وتی: هەوڵدان بۆ دابینکردنی ئاسایشی گشتی بەندە بە کەڵک وەرگرتن لە توانا ناوخۆییەکان و ئەمەش دەتوانێت کۆتایی زۆربەی قەیرانەکان بێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە ئیرادەی بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان، جەختیکردەوە کە دەبێت بە جیدی کار لە سەر چارەسەرکردنی تەواوی بەربەستە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لە بەردەم هاوکارییە دووقۆڵییەکان بە تایبەت هاوکارییە ئابوری و بازرگانییەکان بکرێت.
لە درێژەی ئەو چاوپێکەوتنەدا محەممەد بن زاید سەرۆکی ئیمارات وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانەکەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران و هەروەها پیرۆزبایی ڕێکەوتنەکەی ئەم دواییەی تاران و ڕیاز وتی کە هیوادارین ئەم سەردانە لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکان ئێران و ئیمارات بکاتەوە.
سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی وتی: ئیمارات ئامادەیی ئەوەی هەیە کە ناکۆکییەکانی لە گەڵ ئێران چارەسەر بکات و ئاستی پەیوەندییەکانی لە سەرجەم بوارەکاندا بەرز بکاتەوە./.