بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕواڵەتی نەفرەتلێکراوی سەدام کاتێک زیاتر بۆ ڕای گشتی جیهان ئاشکرا بوو کە هەڵەبجەی وەک یەکێک لە شارەکانی وڵاتی خۆی بۆردومانی کیمیایی کرد، ئەویش بە شێوازێک کە بە هەزاران شەهید و بریندار و ئاوارەی لێکەوتەوە، کارەساتێک کە بووە جێی سەرسوڕمانی خەڵکی جیهان کە چۆن سەرکردەی وڵاتێک ئاوا خەڵکی خۆی دەکاتە قوربانی.
پاش ئەو بۆردومانە، دەستبەجێ هێزەکانی ئێران هاوکارییەکانیان بۆ خەڵک و ئاوارەکان و لێقەوماوانی بۆردومانە کیمیاییەکە دەستپێکرد. کارەساتەکە هێندە گەورە بووە کە زیاتر لە 5 هەزار شەهیدی لێکەوتەوە و بە هەزاران کەسی دیکەشی بریندار کرد و ئاوارەیەکی زۆریش وەک تەنیا دەروازەی بەهاناچوون ڕوویان لە سنورەکانی ئێران کرد. کوشتارەکەی هەڵەبجە وەک کۆمەڵکوژییەکەی خەڵکی کوردی عێراق ناسرا و هێشتا وەک گەورەترین هێرشی کیمیایی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە بیرەوەرییەکانی خەڵکی جیهاندا ماوەتەوە.
دیپلۆماسیەتی چالاکی ئێران بۆ ناساندنی ئەم تاوانە بە خەڵکی جیهان لە ڕووی میدیاییەوە، کاردانەوەی زۆری لە ئاستی نێودەوڵەتی بە دوای خۆیدا هێنا، هەر بۆیە بەشێکی زۆر لەوانەی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی هەڵەبجە دەکەن دان بەم هەڵمەتە بوێرانە و مرۆییانەی ئێراندا دەنێن و ڕۆڵی گرنگی ئەم وڵاتە لە ناساندنی کارەساتەکە بە خەڵکی جیهان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان کە لە مێژوودا تۆمار کراوە و قەد لە بیر ناچێت.
بڵاوکردنەوەی وێنەی قوربانیانی هەڵەبجە لە لایەن وێنەهەڵگران و پەیامنێرە ئێرانییەکانەوە لە بەر ئەوەی کە لە زووترین کاتدا گیرابوو، زۆر دڵتەزێن و کاردانەوە و کاریگەری زۆری لە سەر ئاستی جیهان لێکەوتەوە. لەو هەموو وێنەش، وێنەی عومەری خاوەر و کۆرپەلەکەی کە لە لایەن وێنەگرە ئێرانییەکەوە گیرابوو، وەک هێمایەک بۆ ئەو زەڵمەی سەدام و هاوپەیمانەکانی لە خەڵکی هەڵەبجەیان کردبوو، هەر ئێستاش ناوبانگی هەیە.
هەر بۆیە ئێرانییەکان بە بڵاوکردنەوەی وێنەی قوربانیانی کارەساتی هەڵەبجە، دیمەنی دڵتەزێن و کاریگەریان لەم کارەسات و تاوانە دژە مرۆییە گەیاندە خەڵک و ڕای گشتی جیهان کە کاریگەرییەکی زۆری هەبوو. ئەگەرچی کە لە ڕۆژانی سەرەتایی بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە بە هەمان شێوەی بۆردومانەکەی سەردەشت، بێدەنگییەکی نێودەوڵەتی بە تایبەت لای دامەزراوەکانی وەک ئەنجومەنی ئاسایشەوە بینرا بەڵام گەورەیی تاوانەکەی سەدام وایکرد کە ڕای گشتی جیهان لە دژی بجوڵێنێت و سەدام و ڕژێمەکەی لە سەر ئاستی جیهان ئیدانە کران و پێگەی ڕژێمی بەعس و لایەنگرانی زۆر لاواز کرا و بە ئامادەبوونی پەیامنێرانی بیانی کە لە ڕێگای ئێرانەوە کرا و بەسەرکردنەوەی هەڵەبجە، تاوانەکە باشتر بە جیهان ناسێندرا.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئێران لە کاردانەوەیان بەرامبەر بەم تاوانەی بەعس و سەدام وتیان کە ڕژێمی بەعسی عێراق هێندە زاڵم و دڕندەیە کە خەڵکی وڵاتی خۆی و بە تایبەت ژمارەیەکی زۆر لە سەربازە هەڵهاتووەکان کە خۆیان لەو شارەدا حەشار دابوو، بۆردومانی کیمیایی دەکات، جیهان نابێت لە بەرامبەر ئەم تاوانەدا بێدەنگ بێت و ئەگەر دامەزراوە و و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە بەرامبەر تاوانی وەها کاردانەوەیان نەبێت، پێگە و ئابڕوی خۆیان لە بەرامبەر گەلی عێراق لە ناو دەبەن.
پاش هەنگاوە کاریگەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، شارەزایان و پسپۆڕانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و پزیشکانی بێ سنور گەیشتنە ئێران و لە تاران و شارەکانی دیکە بەرکەوتووانی بۆردومانە کیمیاییەکەی هەڵەبجەیان بەسەرکردەوە و ئەو تاوانەی ڕژێمی سەدامیان ئیدانە کرد.
ئەمینداری ئەو کاتەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی وتی: هەڵوێستی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوون و توندە و دژی بەکارهێنانی ئەم جۆرە چەکانەیە لە لایەن هەر کەس و لایەنێکەوە بێت. پاش ئەو لێدوانەش شاندێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر داوای ئێران ڕەوانەی ناوچەکە کران. بە بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکانی تاوانەکەی هەڵەبجە، پەیامنێرانی دیکە لە وڵاتانی جیهانەوە گەیشتنە ئێران و هەواڵ و ڕاپۆرتیان لە سەر بریندارەکان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە بڵاو کردەوە./.