بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تاوانە دڕندانەکەی سەدام لە 16 ی 3 ی 1988 لە شاری هەڵەبجە هیچ کات لەبیر ناکرێت.
50فڕۆکە کە خەڵکێکی بێ تاوانیان بە بۆمبی 500 کیلۆیی کیمیایی بۆردومان کرد، 5 هەزار شەهید و زیاتر لە 10 هەزار برینداری لێکەوتەوە.
کارەساتێکی کۆمەڵکوژی کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی لە لایەن فەرەنساوە بە سەدام درابوو و گازەکانی خەردەڵ و سارینیشی لە لایەن ئەڵمانیاوە دابین کرابوو.
یەکێک لە پەیامنێرەکانی ئەورووپا کارەساتی هەڵەبجەی وا گێڕاوەتەوە:
“من لەو کارەساتە وێنەم گرتووە و خۆیشم بەرکەوتەی چەکی کیمیاییم، بەڵام هیچ کات ئەوە لەبیر ناکەم کە کاتێک گەیشتینە هوتێل شیراتۆنی بەغدا، دیپلۆماتکاران و خاوەن کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا، ئەمریکا و عێراقییەکان بۆ ئەم کارەساتە ئاهەنگیان گێرا و کاتێک گەیشتمەوە فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت تا ڕاپۆرتێکی تایبەت لە هەڵەبجە ئامادە بکەم موڵەتی ئەوەیان پێ نەدام”.
کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا مادە کیمیاییەکانیان لە ژێر ناوی کشتووکاڵی و دژە حەشەرەکان بە ڕژێمی سەدام دەدا.
ئۆلایلپکە ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا سەبارەت بە ڕۆڵی وڵاتەکەی لەو کارەساتەدا ڕایگەیاندووە:
“ئەڵمانیا هاوبەشی ئەو تاوانەیە، 60 کۆمپانیای ئەڵمانیا لە پڕچەککردنی سەدام بە چەکی کیمیایی بەشدارییان کردووە، پێویستە حکومەتی ئەڵمانیا ئەو کۆمپانیانە ڕادەستی دادگا بکات”.
سەدام و کەسانی نزیک لەو بە تایبەت ئەنجامدەری تاوانەکە واتە عەلی کیمیایی دادگایی کران و لێپرسینەوەیان لێکرا بەڵام خەڵکی هەڵەبجە کە هێشتا بە دەست ئێش و ئازارەکانی ئەو بۆردومانەوە دەناڵێنن بەردەوام چاوەڕوانی دادگاییکردنی لایەنی سێهەمی تاوانەکە واتە کۆمپانیا ئەڵمانییەکانن کە هاوبەشی سەدام لەو کۆمەڵکوژییەدا بوون.
حکومەتی ئەڵمانیا لە ماوەی 35 ساڵی ڕابردوو هیچ کات ئامادە نەبووە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە وەک کۆمەڵکوژییەک لە دژی مرۆڤایەتی بناسێنێت، شارەزایانی یاسایی دەڵێن کە ئەم بێ هەڵوێستییەی ئەڵمانیا بۆ ئەوەیە کە خۆی لە قەرەبووکردنەوەی خەڵکی هەڵەبجە بدزێتەوە./.