بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پاش چەندین ڕۆژ هەڵوێستی خۆیی لە سەر ڕێکەوتنەکەی ئێران و سعوودیە ڕاگەیاند.
ناوبراو لە میانەی بەشداریی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە زانکۆی ئادیس ئابابا لە وڵاتی ئەسیوپیا وتی کە بە گەشبینییەوە لەو ڕێکەوتنە دەڕوانم و ئەگەر ڕێکەوتنەکە مسۆگەر ببێت، بە تایبەت ئەوەی کە ئێران پابەندی بەڵێنەکانی بێت، گۆڕانکارییەکی ئەرێنی دەبێت.
بلینکەن وتی: بە تێڕوانینی ئێمە ئەوەی کە بتوانێت ببێتە هۆکاری دابەزینی ئاڵۆزییەکان، ڕێگری لە شەڕ و پێکدادان و کۆنتڕۆڵکردنی هەڵسووکەوتی مەترسیدار، شتێکی باشە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە ئاماژە بە ڕۆڵی چین لە واژۆکردنی ڕێکەوتنەکەی تاران و ڕیاز وتی: من پێم وایە شتێکی باشە کە وڵاتان لە پێگەی خۆیان بتوانن بەرپرسیاریەتی بەرەوپێشچوونی ئاسایش و پەیوەندی ئاشتیخوازانە لە ئەستۆ بگرن./.