بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، موسا ئەبومەرزوق بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بزوتنەوەی حەماس بە ئاژانسی سپۆتنیکی ڕاگەیاند کە حەماس درێژە بە هەوڵەکانی بۆ باشتربوونی پەیوەندییەکانی لە گەڵ سعوودیە دەدات و هیوادارە کە ئەم دۆسیەیە دابخرێت بەڵام بڕیاری کۆتایی لای ئەو وڵاتەیە.
ناوبراو وتی کە حەماس پێشوازی لە باشتربوونی پەیوەندییەکانی لە گەڵ سعوودیە دەکات و نایەوێت هیچ کێشە و ناکۆکییەک لە نێوان هەر دوو لادا هەبێت.
ئەبومەرزوق وتی کە پرسی دەستبەسەرکراوانی حەماس لە سعوودیە نەبووەتە کێشە بۆ پەیوەندییەکان و تا ئێستاش 9 کەس لەوان ئازاد کراون.
پەیوەندییەکانی سعوودیە و حەماس لە پاش شکستی دەستپێشخەری ئاشتی ڕیاز لە شوباتی 2007 ڕووی لە ئاڵۆزبوون کرد. سعوودیە لەو دەستپێشخەرییەدا هەوڵی ئاشتکردنەوەی بزوتنەوەکانی فەتح و حەماسی لە فەڵەستین دەدا./.