بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خەلیل حەیە ئەندامی باڵای مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی فەڵەستین بە کەناڵی جزیرەی ڕاگەیاند کە دوور نییە کەرتی غەززە ڕاستەوخۆ بچێتە شەڕی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستییەوە.
ناوبراو وتی: بەم هەڵسووکەوتەی داگیرکاران بە تایبەت توندڕۆکان، کابینەی تیرۆریستیی نتانیاهۆ، شارۆچکەنشینەکان و کەسانی دیکە، هەلومەرجەکە وا دەڕوات کە بەستێنی شەڕ و پێکدادانی نێوان فەڵەستینییەکان و زایۆنیستەکان دابین دەکات.
خەلیل حەیە وتی کە فەڵەستینییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی و پەراوێزخستنی لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە بەردەوام دەبن.
ناوبراو وتی کە بزوتنەوەی حەماس و لایەنەکانی دیکە دەتوانن ڕوبەڕونی ڕژێمی زایۆنیستی ببنەوە و هاوکێشەکان بەرەو گۆڕانکاری ببەن.
ئەندامی باڵای مەکتەبی سیاسی حەماس بە ئاماژە بە پەیوەندییەکانی ئەم بزوتنەوەیە و حکومەتی سوریا وتی: کەسێک داوای لە ئێمە نەکرد کە پەیوەندییەکانمان لە گەڵ دیمەشق ئاسایی بکەینەوە و هیچ نێوەندگێڕییەک لە لایەن ئێرانەوە نەکراوە بەڵکوو پەیوەندییەکانی حەماس و سوریا بە هۆی ئەوەیە کە ئەو وڵاتە ڕۆڵێکی کاریگەری لە بەرەی خۆڕاگریدا هەیە و سوریاش پێشوازی لە کردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتی بزوتنەوەی حەماس لە دیمەشق دەکات./.