بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی شەمخانی لە کۆتایی سەردانە یەک ڕۆژەکەی بۆ عێراق، سەبارەت بە ئەنجامی وتووێژەکانی لە گەڵ گەورە بەرپرسانی ئەم وڵاتە، وتی کە سەردانەکەی عێراق لە بەردەوامی دیپلۆماسیەتی دراوسێتی کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە.
ناوبراو وتی: خۆشبەختانە ئەو سەردانانەی کە بە فەرمانی سەرۆک کۆمار و بە ئامانجی سیاسی، ئابوری و ئەمنی بۆ چین و ئیمارات کرا، دەسکەوتی بەرچاوی هەبوو و بەم بۆنەشەوە بڕیار درا کە ئەم ڕەوتە بۆ عێراقیش بەردەوام بێت.
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران وتی: لە میانەی سەردانە یەک ڕۆژەکەدا کە لە گەڵ شاندی بەرپرسانی ئابوری، بانکی، سیاسی و ئەمنی وڵات بووە، وێڕای وتووێژ لە گەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، گەیشتینە چارەسەری هاوبەش و کاریگەر سەبارەت بە هەندێک لە بەربەستەکانی بەردەم هاوکارییە دووقۆڵییەکان.
شەمخانی بە ئاماژە بەو ڕێکەوتنەی کە لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئیمارات بۆ ئاسانکاری لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی هەر دوو وڵات لە ڕێگای بەکارهێنانی دراوی درهەم کراوە، وتی: دیاریکردنی میکانیزمی نوێ بۆ کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوە داراییەکانی ئێران لە عێراق بۆ کڕینی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان و چارەسەرکردنی کێشە بازرگانە ئێرانییەکان هەنگاوێکی دیکە بوو کە لە گەڵ ڕێکەوتنەکانی دیکە لە گەڵ بەرپرسانی ئیماراتی، دۆخی بازاڕی دراوی ئێران بەرەو باشتربوون دەبات.
ناوبراو وتی: لە گەڵ ئەو وتووێژە سیاسی و ئابورییەی کە لە گەڵ سەرۆکایەتییەکان و بانکەکانی ناوەندی و بازرگانی عێراق کرا، ڕێکەوتنی هاوکاری ئەمنی لە نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمنی هەر دوو وڵات واژۆی لە سەر کرا کە بە دڵنیاییەوە بە ڕووداوێکی گرنگ دادەنرێت.
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران وتی: بە واژۆکردنی ئەم ڕێکەوتنە کە ڕەهەندی جیاجیای هەیە، هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق بە پلانی هاوبەش هەوڵ دەدەن ڕێگری لە چالاکی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری شۆڕش لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە بکەن و ئەم ئاژاوەگێڕییە لە ناو ببەن.
عەلی شەمخانی وێڕای پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێی و جەژنی نەورۆز، ساڵی نوێی بە ساڵی پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ ناو برد و وتی کە هیوادارین بە هاوبەشی، هاوکاری، یەکڕیزی نیشتمانی، گەشە و پێشکەوتنی وڵات خێراتر بەرەو پێش ببرێت./.