بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیامی نەورۆزیدا، وێڕای پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێ و مانگی پیرۆزی ڕەمەزان وتی: ساڵی 1401 ی کۆچی هەتاوی، تاڵ و شیرینی زۆری هەبوو، بەرزی و نزمیی هەبوو، بەڵام ئەگەر بمانەوێت لە یەک دێڕدا بڵێین، ساڵی 1401 ی کۆچی هەتاوی، ساڵی بەهێزبوونی خەڵک و قارەمانی گەلی ئێران و درەوشاوەیی لە گۆڕەپانە چارەنووس سازەکان بووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتیان: یەکێک لە گەورەترین هەنگاوەکانی خەڵک، لە 22 ی ڕێبەندانی ساڵی 1401 و پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی دوژمنان بووە، بە پێچەوانە ئەوەی کە ئاژاوەگێڕییەکان هیوایەکی بە دوژمنان دابوو، ئامادەبوونی خەڵک لە ڕێپێوانە مەزنەکەی 22 ی ڕێبەندان دوژمنانی بێهیوا کرد.
ناوبراو وتی: لە ساڵی 1401 لە بواری ئابوریدا زیاتر لە 3 هەزار کارگەی داخراو و نیمچە داخراو دیسانەوە چالاک کرایەوە، لە بواری کۆمپانیا زانست بنەماکانیش 140 پرۆژەی گرنگ لە بەشەکانی وزە، کشتووکاڵ، گواستنەوە، کەرەستەی پزیشکی، زانست و تەکنۆلۆژیا بە فەرمی دەستیان بە چالاکی کرد.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بە ئاماژە بە پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی ساڵی 1401 ی کۆچی هەتاوی وتی کە کردنەوەی چەندین وێستگەی کارەباش بووە هۆی زیادبوونی 7 هەزار مێگاوات کارەبای وڵات و بەوەش کێشەی کەمبوونی کارەبا لە وەرزی هاویندا چارەسەر کرا.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەش وتی: لە بواری سیاسەتی دەرەوە، تێڕوانینی حکومەت لە سەرەتاوە دیپلۆماسیەتی هاوسەنگ و زیندووکردنەوەی سیاسەتی دراوسێبوون و گرنگیدان بە ناوچەکە بووە و ساڵی 1401 ئەم سیاسەتە بەرهەمی خۆیی پیشاندا.
ناوبراو سەبارەت بە سیاسەتی ناوخۆییش وتی کە ئەمساڵ دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی و ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری بەڕێوە دەچێت و پلانی حکومەت ئەوەیە کە بەستێنی بەشدارییەکی زۆرینەی خەڵک دابین بکات./.