داود شەهاب لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند کە دیاریکردنی کۆتا هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە لایەن حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) پیشاندەری شکۆی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بوو کە بە پرسی قودس دەستیپێکرد و بە ئازادکردنی قودسیش کۆتایی دێت.
ناوبراو وتی: ئیمام خومەینی (رە) تێگەیشتنی زۆریان لە سەر گرنگی یەکڕیزی موسڵمانانی جیهان هەبوو و توانییان بەم دیاریکردنە، هەڵوێست و تێڕوانینی موسڵمانان یەکبخەن و بیر و بڕوا ئائینییەکانی ئەوان بە گرنگترین پرسی سیاسییەوە پەیوەندیدار بکەن.
داود شەهاب وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران تەنانەت لە پاش کۆچی دوایی ئیمام خومەینی (رە) درێژەی بەم ڕێگا داوە و بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بە تایبەت حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ئەم میراتە پڕ بەهایەیان پاراستووە و ئێرانی ئیسلامی سەرەڕای هەموو گوشار و گەمارۆکان لە بەرەی پاڵپشتیکردنی گەلی فەڵەستیندا ماوەتەوە و ساڵانە ئێرانییەکان لە ڕۆژی جیهانی قودس پەیمانی خۆیان بۆ فەڵەستین دووبارە دەکەنەوە.
بەرپرسی نووسینگەی ڕاگەیاندنی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین وتی: گەلی ئێران لە ڕێگای قودس و فەڵەستیندا تێکۆشانی زۆریان هەبووە و باشترین کەسانی خۆیان لەم ڕێگایەدا بەخت کردووە. پێویستە یادی فەرماندەی گەورە شەهید حاجی قاسم سولێمانی بکەینەوە کە لە ماوەی ژیانی پیرۆزی خۆی، هیوایەکی زۆری بە ئازادبوونی فەڵەستین دا، هەروەها ڕۆڵی گەورەی لە پێکهێنانی بەرەی خۆڕاگری هەبوو و ئامانجەکەشی وەک ئازادکردنی قودس ڕاگەیاند.
داود شەهاب وتی کە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ئەرکێکی زۆریان لە بەرامبەر قودس و فەڵەستین لە سەر شانە، لە بەر ئەوەی کە مزگەوتی ئەقسا بەشێکە لە بیر و بڕوای موسڵمانان و خودای گەورە لە قورئاندا جەختیان لە سەر کردووەتەوە.
ناوبراو وتی: گەلان ڕۆڵی زۆریان لە ڕەوتی ئازادکردنەوەی فەڵەستیندا هەیە و ئێمە بەردەوام هیوامان بە هێزی گەلانی ئیسلامی هەبووە، ئەوان دەتوانن سەرپێچی لە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بکەن.
داود شەهاب وتی: لەو بڕوایەداین کە ئەگەر ئیش و کارەکان لە دەستی گەلاندا بێت و گۆڕانکاری بە دڵی ئەوان ڕوو بدات، ئەم هێزە سەرەتایەکی خێرا بۆ ئازادکردنی فەڵەستین دەبێت.
وتیشی کە بەرەو ئازادکردنی قودس و فەڵەستین هەنگاو دەنێین و نیشانەکانی ئەمەش دەرکەوتنی ڕاستییەکانی هەڵوەشانەوە و ڕووخانی ڕژێمی زایۆنیستییە کە ئێستا لە ناوخۆی ئەو ڕژێمەوە بەرە بەرە ڕوون دەبێتەوە و قەیرانەکانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر دەبنەوە.
ئەو ئەندامەی باڵای حەماس وتی کە ئەمڕۆ خۆڕاگری فەڵەستین ئامادەتر و بەهێزترە لە هەر کاتێکی دیکە و ترسی لە ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی نییە، بەڵکوو ئەوە دوژمنی زایۆنیستییە کە ترسی لەوە هەیە بچێتە شەڕێکی چەند بەرەوە./.