بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیمام خومەینی (رە) لە 16 ی گەلاوێژی ساڵی 1358 ی کۆچی هەتاوی بەرامبەر بە 13 ی ڕەمەزانی ساڵی 1399 ی کۆچی، پاش بۆردومانکردنی باشوری لوبنان لە لایەن هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە، لە پەیامێکدا بۆ موسڵمانانی ئێران و جیهان داوایانکرد کە کۆتا هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان وەک ڕۆژی قودس دیاری بکەن و لەم ڕۆژەدا پاڵپشتی خۆیان بۆ مافە ڕەوا و یاساییەکانی گەلی فەڵەستین پیشان بدەن.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو ئەم پەیامە مێژوویی و کاریگەرە لە لایەن ئازادیخوازەکان و ویژدانە بێدارەکانی جیهانەوە و ئەوانەی دژی زوڵم و ستەمن، پێشوازی لێکراوە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی جیهان بوونەتە هاوڕێی ئەم پەیامە. ئەمساڵیش لە سەر ئاستی وڵاتە جیاجیاکانی جیهان ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی قودس بەرز ڕاگیرا و کەسایەتی و بەرپرسانی ئەو وڵاتانە بە هاودەنگی پاڵپشتی خۆیان بۆ گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین ڕاگەیاند.
ئێران نموونەی بەرگرییە لە قودس
ئەندامێکی باڵای بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین بە ئاماژە بە دیاریکردنی کۆتا هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە لایەن ئیمام خومەینی (رە) دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بووەتە نموونەیەک بۆ وڵاتانی ئیسلامی لە بەرگری لە قودس و فەڵەستین.
موئمن عەزیز وتی کە ڕۆژی جیهانیی قودس خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگە بۆ هاوکاریکردنی گەلی فەڵەستین و دیاریکردنی ڕێگای بەردەم وڵاتانی ئیسلامی بەرەو قودس.
سیاسەتمەدارێکی عێراقی: هەلومەرجی ئازادکردنی قودس دابین کراوە
وائیل ڕکابی ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پێی وایە کە لە ئێستادا هەلومەرجی ئازادکردنی قودس دابین کراوە و جیاوازییەکانی ڕۆژی قودسی ئەمساڵ ئەمەی ڕوون کردووەتەوە.
ناوبراو وتی کە ئەمڕۆ قودس ئامادەیی ئازادبوونی لە ژێر دەستی دوژمن هەیە، تەنانەت لە ناوچە داگیرکراوەکانیش خۆڕاگری بەهێز بووە و بەرەی خۆڕاگریش بە هەموو هێزێکەوە بۆ پاڵپشتیکردنی قودس دەرکەوتووە.
پەیامی سەرۆکی پەرلەمانی پاکستان
سەرۆکی پەرلەمانی پاکستان ڕۆژی جیهانیی قودسی بە وەبیرهێنەری پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ گەلی فەڵەستین ناو برد و وتی کە جیهان بە تایبەت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت ڕۆڵی خۆی بۆ ڕاگرتنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی جێبەجێ بکات.
ڕاجا پەرویز ئەشرەف لە پەیامێکدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی قودس وتی کە ئیسرائیل تاوانی دژە مرۆیی بەرامبەر بە گەلی فەڵەستین کردووە و پاکستان وەک هەمیشە لە بەرەی پاڵپشتی لە قودس و فەڵەستین دەمێنێتەوە.
قەتەر: پاڵپشتی فەڵەستین سیاسەتی ئێمەیە
وەزیری دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند کە پاڵپشتیکردنی فەڵەستین بەشێکی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەیە.
محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی وتی کە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی قودس هۆشدارییەکی جیدییە و قەتەر بە جیدی لە خۆڕاگری گەلی فەڵەستین پاڵپشتی دەکات./.