ئەو خوێندنەوە و دووربینییەی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) بۆ دیاریکردنی کۆتا هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان وەک ڕۆژی جیهانیی قودس، ئێستا بووەتە کاریگەرترین هۆکار لە سەر دۆسیەی فەڵەستین و دەنگی بەرزی موسڵمانان لە سەرتاسەری جیهان، پەیکەرە لاوازەکەی ڕژێمی زایۆنیستی هێناوەتە لەرزین.
قودس شارێکی سادە و ئاسایی نییە، بەڵکوو بڕوا، ناسنامە، درووشم و جەمسەرنوێنی هەر موسڵمانێکە. ئێستا ڕەهەندەکانی ئەم بڕیارە گرنگەی دامەزرێنەری گەورەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە گواستنەوەی دۆسیەی فەڵەستین لە جیهانی عەرەبی بەرەو جیهانی ئیسلامی زیاتر ڕوون و ئاشکرا بووە و ڕووداوەکانی ئەم دواییەی فەڵەستین و ناوچەکە، گرنگی بڕیارەکەی دەرخستووەتەوە و لە هەمووش گرنگتر ئەوەی کە بووەتە هۆی بێداری و ووشیاری زیاتری گەلانی موسڵمان.
بۆ ئەوەی کە لە ڕێژەی کاریگەرییەکانی قودس بۆ فەڵەستینییەکان و گەلانی موسڵمان ئاگادار بین، پێویستە باس لە ئامانج و چاوەڕوانییەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا – ڕژێمی زایۆنیستی بکەین کە جەختی لە سەر سڕینەوەی دۆسیەی فەڵەستین، هەڵوەشانەوەی بەرەی خۆڕاگری و نوقمکردنی ناوچەکە لە ئاژاوە و ئاڵۆزی کردووەتەوە بەڵام هەموو ئەو پیلانانە ڕوبەڕوی دیوارێکی بەهێز بە ناوی قودس بووەتەوە.
ئەمریکا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو ئامراز و تواناکان و هەروەها لە ڕێگای گوشارخستنە سەر ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی، سڕینەوەی دۆسیەی فەڵەستینی لە ناوچەکە وەک ستراتیژێکی سەرەکی دیاری کردووە.
ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بە ئامانجی ڕێگری لە یەکگرتوویی فەڵەستینییەکان و پەراوێزخستنی زیاتری کەرتی غەززە، پلانی ناکۆکی ناوخۆیی لە غەززە و کەرتی خۆرئاوایان خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوام سیاسەتی خۆی بۆ دابەشکردنی فەڵەستینییەکان وەک عەرەبی 48، قودسییەکان، کەرتی خۆرئاوا و دانیشتووانی غەززە بە ئامانجی ناکۆکی ناوخۆیی نێوان فەڵەستینییەکان جێبەجێ دەکات و وا پیشان دەدات کە هەر یەک لەوانە لەم دابەشکارییەدا کێشە و نیگەرانی و ئامانجی خۆیان هەیە.
ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی هەروەها بۆ لاوازکردن و دابەشکردنی سوریا و دەرهێنانی لە بەرەی خۆڕاگری، شەڕێکی نێودەوڵەتییان بە سەر سوریادا سەپاند.
ئەوان بە ڕەوانەکردنی تیرۆریستانی سەرتاسەری جیهان و گواستنەوەیان بۆ سوریا و هەڵگیرسانی شەڕێکی تائیفی، پلانی لاوازکردنی حزبوڵڵای لوبنانیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
واشنتن و تەل ئەبیب لە درێژەی پیلانگێڕییەکاندا سیاسەتی ناکۆکی خستنە نێو لایەنەکانی بەرەی خۆڕاگرییان لە فەڵەستین و ناوچەکە جێبەجێ کرد.
هەموو ئەو پیلان و سیاسەتانەش بە هۆی بوونی قودسی پیرۆزەوە شکستی هێناوە و ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی هەوڵ دەدات بە هێرشی بەردەوام بۆ سەر مەزگەوتی ئەقسا و دەسدرێژی بۆ سەر قودسییەکان، قودس لە خاوەنە ڕەسەنەکانی دوور بکاتەوە. لە کاتێکدا کە کەرتی خۆرئاوا بووەتە قەڵغانێکی بەرگری لە قودس و مزگەوتی ئەقسا و نەک تەنیا کەرتی خۆرئاوا و کەرتی غەززە یەکیان گرتووە بەڵکوو یەکگرتوویی نێوان گۆڕەپانەکانی خۆڕاگری لە کەرتی غەززە، کەرتی خۆرئاوا، قودس، لوبنان، سوریا، عێراق، ئێران و یەمەن بووەتە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر.
ئێستا بە تێپەڕبوونی ئەم 44 ساڵە گرنگی دیاریکردنی ڕۆژی جیهانی قودس لە لایەن حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) ئاشکراتر بووە. هیچ ناکۆکییەک لە نێوان موسڵماناندا نییە کە ڕۆژی هەینی باشترین ڕۆژی خودایە و مانگی ڕەمەزان باشترین مانگی خودایە و مزگەوتی ئەقسا لای موسڵمانان ڕێز و بایەخێکی زۆری هەیە. ئەگەر ئەمانە هۆکاری یەکڕیزی موسڵمانان نەبن، چی دەتوانێت ئەوان یەکگرتوو بکات؟/.