عەبدولباری عەتوان شرۆڤەکاری بەناوبانگی جیهانی عەرەب و سەرنووسەری ڕۆژنامەی نێودەوڵەتی ” رای الیوم ” لە شرۆڤەی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی فەڵەستینی داگیرکراو و پێکدادانەکانی خۆڕاگری و داگیرکارانی زایۆنیست ڕایگەیاند: لە کاتی هەڵدانی مووشەکەکان لە غەززە و باشوری لوبنانەوە بەرەو شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان، هیچ کاردانەوەیەک لە بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی و هاوپەیمانە فاشیست و توندڕۆکانی نەبینرا، بە دیاریکراوی لە وەزیرانی ئاسایشی ناوخۆیی و دارایی ڕژێمی زایۆنیستی کە بە دوژمنی سەرەکی فەڵەستینییەکان دادەنرێن.
ناوبراو ڕایگەیاند: ئەوان ئەمجارە هەڕەشەی کوشتاری عەرەبەکانی کەرتی خۆرئاوا و داگیرکردنی ئەم ناوچەیان نەکرد. پێدەچێت کە مووشەکەکانی خۆڕاگری، نتانیاهۆ و دۆستەکانی سزا داوە و دەمیانی داخستووە و ترس و دڵەڕاوکێی بە سەر ئەواندا زاڵ کردووە، بە ڕادەیەک بۆ یەکەم جار لە مێژووی شەڕ و پێکدادانەکان بڕیاریاندا ڕێگری لە هێرشی شارۆچکە نشینەکان بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا بکەن. لە هەمووش گرنگتر پاش وەڵامی مووشەکیی سوریا لە جۆلانی داگیرکراوەوە بەرەو پێگەکانی دوژمنی زایۆنیستی، دەسدرێژییەکانی ئەو ڕژێمە بۆ سەر سوریا لە سەرەتای ئەم مانگەوە کەمیکردووە یان ڕاگیراوە.
عەبدولباری عەتوان ڕایگەیاند: چی گۆڕاوە و بۆ نتانیاهۆ و هەڕەشەکانی نەماون؟ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی کە بانگەشەی لەناوبردنی بزوتنەوەی حەماس و ڕێگری لە بنکە سەربازییەکانی لە باشوری لوبنان و هەروەها هێرشی سەر دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێرانی دەکرد و ئەمانەی وەک کاری سەرەکی کابینەکەی دانابوو، بە کوێ گەیشت؟ ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئاشکراکردنی بەڵگە تەزویرەکانی ئەمریکا لە لایەن میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە سەبارەت بەوەی کە مانۆڕە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل لە شوباتی ڕابردوو بۆ لەناوبردنی پلانی ناوەکی ئێران بووە، کاریگەری و ئەنجامی نەماوە.
ناوبراو ڕایگەیاند: ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەم بەڵگە تەزویرانە، بڵاوەپێکردنی کەشی ترس و دڵەڕاوکێ لە وڵاتانی بەرەی خۆڕاگری بووە. بەڵام ئەم بەرەیە بە یەکگرتوویی، ئامادەیی وەڵامدانەوەی زایۆنیستەکانی لە چەندین بەرەوە هەیە تا بوونی زایۆنیستەکان ڕوبەڕوی هەڕەشەی جیدی بکاتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاند: لەم نێوەندەدا چەندین خاڵی گرنگ هەیە کە گۆڕانکارییەکانی هێناوەتە پێشەوە و بوونەتە هۆی ئەوەی کە دەمی نتانیاهۆ دابخرێت و تەنانەت خۆی لە ڕوبەڕوبونەوەی حزبوڵڵای لوبنان بدزێتەوە:
یەکەم: ئەوەی کە هێرشی مووشەکی لە باشوری لوبنانەوە بەرەو شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان لە ناوچەی الجلیل لە باکوری فەڵەستینی داگیرکراو، بۆ یەکەم جار لە سەردەمی شەڕی تەمموزی 2006 ڕوویدا و ئەم هێرشە مووشەکییە هاوکات بووە لە گەڵ هەڵدانی دەیان مووشەک لە کەرتی غەززە بەرەو پێگەکانی ڕژێمی داگیرکار.
دووەم: سەرکردنەکانی بزوتنەوەی حەماس بە تایبەت ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی و ساڵح عاروری جێگرەکەی لە گەڵ سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی حزبوڵڵای لوبنان لە بەیروت کۆبوونەوە. بوونی سەرکردەکانی حەماس لە لوبنان و کۆبوونەوەیان لە گەڵ ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا، هاوکات لە گەڵ هێرشە مووشەکییەکانی باشوری لوبنان لە دژی شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان بووە. ئەمەش پیشاندەری بوونی ڕێکەوتن و هاوئاهەنگی لە نێوان گرووپەکانی خۆڕاگری بۆ وەڵامێکی یەکگرتوو بە هەر دەسدرێژییەکی ڕژێمی زایۆنیستی و چالاککردنەوەی بەرەکانی لوبنان، غەززە، سوریا و هەروەها عێراق و یەمەن بۆ وەڵامدانەوەی تاوانی داگیرکارانە. هەروەها ڕەنگە گرووپەکانی خۆڕاگری هەوڵی داڕشتنی پلانی وەڵامدانەوەی دوژمن بدەن کە زایۆنیستەکان ناتوانن پێشبینی ئەوەش بکەن.
سێهەم: یەحیا سنوار سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە جەختیکردەوە کە ئەم بزوتنەوە و سەرکردەکانی بەرەی قودس گەیشتوونەتە ڕێکەوتن کە لە ئەگەری بەردەوامی تاوانی زایۆنیستەکان لە مزگەوتی ئەقسا، دەستبەجێ و ڕاستەوخۆ وەڵامەکان دەست پێبکات. یەحیا سنوار و محەممەد زەیف فەرماندەی کەتیبەکانی عێزەدین قەسام باڵی سەربازیی حەماس ئەوانەن کە وەک شەڕی شمشێری قودس لە ئایاری 2021، خاوەن بڕیاری دەستپێکردنی شەڕی مووشەکین.
چوارەم: سەید حەسەن نەسروڵڵا لە وتارەکەی ئەم دواییەی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی قودس ڕایگەیاند کە هەر دەسدرێژییەکی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر سوریا بێ وەڵام نامێنێتەوە و هەر دەسدرێژییەک بۆ سەر قودس ناوچەکە بەرەو شەڕێکی گەورە دەبات. قودس هێڵی سور و کەرتی خۆرئاواش بووەتە قەڵغانەکەی.
پێنجەم: لە چەند مانگی ڕابردوو ئەوەمان بینی کە وڵاتانی عەرەبی بەرەو سوریا گەڕاونەتەوە و سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا بێ کاریگەر کراوە، هەروەها وڵاتانی عەرەبی لانیکەم لە دۆسیەی سوریا لە ئەمریکا دوور کەوتوونەتەوە و پەیوەندییان بە هاوپەیمانی چین و ڕووسیاوە کردووە.
سەرنووسەری ڕۆژنامەی رای الیوم لە درێژەدا ڕایگەیاند: ناوچەکە لە ئێستادا بەرەو ڕوبەڕوبونەوەیەکی گەورە دەڕوات و دوور نییە قودسی داگیرکراو چاوەڕوانی هەڵەیەکی ڕژێمی زایۆنیستی بێت تا ئاگری شەڕەژکە هەڵبگیرسێت، ئەگەر ئەمە ڕوو بدات داڕشتنەوەی ناوچەکە لە سەر شێوازی سەرەکیی دەبینین، واتە ناوچەیەک بە بێ ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی.
عەتوان هەروەها ڕایگەیاند: دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران لە نێوان شاخە گەورەکانی ئەم وڵاتەدایە، هەورەها کۆگا مووشەکی و درۆنەکانیش بە تەواوی پارێزراون و کەس توانای زیان گەیاندنی بەوان نییە. لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا لە گێژاوی شەڕی ئۆکراینا و هەروەها ئاڵۆزییەکانی تایوان ماوەتەوە و هێزی وەهای بۆ بەرگری لە ڕژێمی زایۆنیستی نییە.
ڕاشیگەیاند کە ئەو سیناریۆیە کە چاوەڕوانی زایۆنیستەکان دەکات، زۆر مەترسیدارتر لەوەیە کە سەرکردە و بەرپرسانی ڕژێمەکە باسی دەکەن./.