حوسێن ئاجۆڕلو شارەزا لە کاروباری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وتووێژێکدا سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی نێوان فەڵەستینییەکان و ڕژێمی زایۆنیستی، بە ئاماژە بە زیاتربوونی تاوانەکانی زایۆنیستەکان لەم ماوەیەدا، وتی: ڕژێمی زایۆنیستی بە هێرشەکانی سەر مزگەوتی ئەقسا و موسڵمانان و هەروەها دەستبەسەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە فەڵەستینییەکان تاوانەکانی زیاتر کردووە.
ناوبراو وتی: لە هەنگاوی دیکەدا زایۆنیستەکان هێرشیان کردە سەر پێگەی گرووپەکانی خۆڕاگری بە تایبەت لە سوریا و هەروەها چەند هێرشێک کرایە سەر کەرتی غەززە. پاش ئەم تاوانانەی ڕژێمی زایۆنیستی، گرووپەکانی خۆڕاگریش بە تایبەت لە ناوخۆی فەڵەستینەوە لە ئاستی جەماوەری و مەیدانی چەند هەنگاوێکیان گرتەبەر.
ئاجۆڕلو وتی: لە ئاستی جەماوەری، خەڵک ڕێپێوانێکی گەورەیان بۆ ئیدانەکردنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ئەنجامدا و لە ئاستی مەیدانیش گرووپەکانی خۆڕاگری لە کەرتی غەززە و باشوری لوبنانەوە هێرشی مووشەکییان کردە سەر ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین.
ناوبراو سەبارەت بە دەسکەوتەکانی هاوکێشەی بەهێزبوونی خۆڕاگری وتی: هاوکێشەی بەهێزبوونی خۆڕاگری لە چەند ساڵی ڕابردوو کە بە جیدی و بە شێوازی ستراتیژی دەستیپێکردووە، ئەمڕۆ گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ و کاریگەرییەکەشی زیاتر بووە. ئەم هاوکێشەیە لە سەر بنەمای ئەوەیە کە هەر دەسدرێژییەکی زایۆنیستەکان ڕوبەڕوی کاردانەوە و وەڵامی بەپەلەی خۆڕاگری دەبێتەوە و ئەمڕۆ دەبینین کە بەرەی خۆڕاگری لەم بوارەدا پلانێکی کاریگەری هەبووە.
حوسێن ئاجۆڕلو وتی: بە پێچەوانەی ڕابردوو، ئێستا لەم هاوکێشەیەدا هەر تاوان و دەسدرێژییەکی زایۆنیستەکان بەپەلە وەڵام دەدرێتەوە و بەم هۆیەوە دەبینین کە پیلانەکانی زایۆنیستەکان لە ناوچەکە ڕوبەڕوی بەربەستێکی جیدی بووەتەوە.
ناوبراو سەبارەت بە سیستەمی بەرگری ڕژێمی زایۆنیستیش لە بەرامبەر هێرشە مووشەکی و ڕۆکێتییەکانی خۆڕاگری وتی: گومەزەی ئاسنین لە بەرامبەر هێرشەکانی غەززە و باشوری لوبنانەوە هێندە کاریگەری نەبووە و ژمارەیەک لە ڕۆکێتەکان ئامانجەکانیان پێکاوە.
ئاجۆڕلو سەبارەت بە دەسکەوتی دیکەی خۆڕاگریش وتی: بابەتی گرنگی دیکە بۆ پاڵپشتی جەماوەری و هێزی کۆمەڵایەتی لە ناوخۆی فەڵەستین دەگەڕێتەوە. لە ڕاستیدا گرووپەکانی خۆڕاگری بەدەر لە لایەنە سیاسییەکان، پاڵپشتی جەماوەرییان مسۆگەر کردووە و ئەمەش یەکەم جارە کە دەبینین گرووپەکانی خۆڕاگری بەم شێوازە بۆ هێرشەکانیان لە دژی زایۆنیستەکان لە لایەن خەڵکەوە لە ئاستێکی باڵادا پاڵپشتی دەکرێن، ئەم پاڵپشتییەش لە کەرتی خۆرئاوا بەرەو زیاتربوون دەڕوات.
وتیشی کە فەڵەستینییەکان ئەمڕۆ بەو ئەنجامە گەیشتوون کە خۆڕاگری لە هەر ڕوویەکەوە بۆ ئەوان دەسکەوتی دەبێت. هەروەها گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ناوچە داگیرکراوەکان وایکردووە کە ڕەوتی سازشت لە گەڵ زایۆنیستەکان تووشی داڕمانێک بێت. بەم گۆڕانکارییانەوە دەبینین کە ڕێکەوتنی سەدە ئەنجامێکی نەبووە و تەنانەت ئەو وڵاتانەش کە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ تەل ئەبیب ئاسایی کردووەتەوە جۆرێک لە پەشیمانبوونەوەیان پێوە دەبینرێت.
حوسێن ئاجۆڕلو لە کۆتاییدا وتی: تاوان و دەسدرێژییەکانی ئەم دواییەی ڕژێمی زایۆنیستی بە ئامانجی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لە قەیران و کێشە ناوخۆییەکانی ئەو ڕژێمە بووە بەڵام ڕوبەڕوی وەڵامی گرووپەکانی خۆڕاگری بوویەوە و ئەمەش پیشاندەری هێزی خۆڕاگرییە، ئەمڕۆ ئاسایشی ڕژێمی زایۆنیستی تووشی کێشە بووە و لە بەرامبەردا دەبینین کە یەکڕیزییەکی کەم وێنە لە نێوان گرووپەکانی خۆڕاگری و خەڵکی فەڵەستین هاتووەتە پێشەوە./.