بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مێهرداد بەزرپاش وەزیری ڕێگاوبان و نیشتەجێبوونی ئێران و محەممەد سامر خەلیل وەزیری ئابوری و بازرگانی دەرەکی سوریا وەک سەرۆکی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ئابوریی هەر دوو وڵات لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێکەوتنی هاوکاری نێوان ئێران و سوریایان لە بوارەکانی ئابوری و ڕۆشنبیری واژۆ کرد.
وەزیری ڕێگاوبان و نیشتەجێبوونی ئێران لە پەراوێزی ئەو ڕێوڕەسمەدا بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی ئێران و سوریا لە ئاستی پەیوەندییە سیاسییەکاندا نییە و دەبێت ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بەرز بکرێتەوە.
مێهرداد بەزرپاش بە ئاماژە بە شارستانیەتی چەندین هەزار ساڵەی هەر دوو وڵات وتی: ئێران و سوریا زامی هاوبەشی سزا و گەمارۆ زاڵمانەکانی دوژمنان و دژبەرانی سەربەخۆییان هەیە و هەر دوو وڵات بۆ پێشکەوتن پشتیان بە تواناکانی خۆیان بەستووە.
ناوبراو وتی: لە دانوستانەکانی دیمەشق جەختمان لەوە کردووەتەوە کە خێراییەکی زیاتر بە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان ببەخشین.
بەزرپاش وتی: ڕێکەوتنە واژۆکراوەکەی نێوان هەر دوو وڵات پیشان دەدات کە دەبێت ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم گەشەی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان چارەسەر بکەین و ڕۆڵێکی زیاتر بە کەرتی تایبەت بدەین.
وەزیری ڕێگاوبان و نیشتەجێبوونی ئێران ڕایگەیاند کە سەبارەت بە کەرتی وزە و کارەبا ڕێکەوتنی باش کراوە و لێژنەی هاوبەشی تەکنیکی بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنانەش پێکهێنراوە.
مێهرداد بەزرپاش وتی کە هەروەها لە بواری گەشتیاری و زیارەتیش ڕێکەوتن کراوە و لە چەند مانگی داهاتوو ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی ئێرانی و سوری سەردانی هەر دوو وڵات دەکەن و پەرەپێدانی گەشتیاری دەتوانێت گەشەی ئابوریی بە دواوە بێت.
وتیشی کە لە بواری ڕۆشنبیری لە نێوان دەزگای میدیایی نیشتمانی ئێران، کتێبخانەی نیشتمانی و وەزارەتی ڕۆشنبیری لە گەڵ دەزگا و وەزارەتە هاوتاکان لە سوریا ڕێکەوتنی هاوکاری هاوبەش واژۆ کراوە./.