بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی شاندە باڵاکانی ئێران و عێراق لە تاران، ڕایگەیاند کە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ ئێران هەنگاوێکی گەورەیە لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات.
ناوبراو وتی کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق بەرەوپێشچوونی باشی هەیە و ڕێکەوتنە هاوبەشەکانیش خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش دەفرایەتییەکی زۆر بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری و ڕۆشنبیری هەیە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئێران و عێراق بە پێی بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکە هاوکاری دەکەن و پەرەپێدانی ئەم هاوکارییانەش لە بەرژەوەندی گەلانی هەر دوو لا و ناوچەکە دەبێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی جەختی لە سەر پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە بوارەکانی ئابوری، وزە، ترانزێت، گواستنەوە، ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و هاوکاری ئەمنی کردەوە و وتی کە پێویستە ڕەوتی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی نێوان تاران و بەغدا خێراتر ببێت.
لەو کۆبوونەوەدا لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراقیش جەختی لە سەر ئیرادەی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە و وتی کە هەر دوو وڵات دەفرایەتییەکی زۆر و جۆربەجۆریان بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوری، سیاسی، بازرگانی و ڕۆشنبیرییەکان هەیە./.