بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نوێترین ئاماری بڵاوکراوەی دەستەی ئاماری تورکیا پیشان دەدات کە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئەو وڵاتە لە گەڵ ئێران لە سێ مانگەی یەکەمی ساڵی 2023 گەیشتووەتە یەک ملیار و 379 ملیۆن دۆلار.
کۆی گشتی بازرگانیی ئێران و تورکیا لەو ماوەتەدا بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 14 دابەزینی هەبووە. لە مانگەکانی کانوونی دووەم تا ئازاری 2022 بەهای ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و تورکیا یەک ملیار و 619 ملیۆن دۆلار بووە.
هەناردەی تورکیا بۆ ئێران لە کانوونی دووەم تا ئازاری 2023 بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 2 بەرزبوونەوەی هەبووە و گەیشتووەتە 702 ملیۆن دۆلار. تورکیا لە کانوونی دووەم تا ئازاری 2022 زیاتر لە 687 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی ئێران کردبوو.
هاوردەی تورکیا لە ئێران لە سێ مانگەی ئەمساڵیش 677 ملیۆن دۆلار بووە کە ئەم ڕێژەیەش بەراورد بە هاوردەی 932 ملیۆن دۆلاریی ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 27 دابەزیوە.
هەروەها ئێران لە سێ مانگەی یەکەمی ساڵی 2023 یەک ملیار و 567 ملیۆن مەتری سێجا غازی هەناردەی تورکیا کردووە.
هەناردەی غازی ئێران بۆ تورکیا لەم سێ مانگەدا بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 17 دابەزیوە. ئێران لە سێ مانگەی یەکەمی ساڵی 2022 زیاتر لە یەک ملیار و 891 مەتری سێجا غازی هەناردەی تورکیا کردبوو./.