بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعدوڵڵا زارعی سەبارەت بە گرنگی و تایبەتمەندییە ستراتیژییەکانی سودان وتی کە لە پلەی یەکەمدا سودان وەک وڵاتێکی گەورە و پڕ حەشیمەتی ئەفریقا، ناوەندێکی ئیسلامییە و لە ساڵانی ڕابردوودا ئەو ئیسلام خوازییەی پێوە دیار بووە.
ناوبراو وتی: سودان بە هۆی نزیکبوونی لە دەریای سور و وڵاتانی وەک چاد، لیبیا، میسر و ….، تایبەتمەندییەکانی ڕووباری نیل، کشتووکاڵ و کانزاکانی وەک ئاڵتوون، گرنگییەکی زۆری هەیە، هەر بۆیە هەندێک لە شارەزایان لەو بڕوایەدان کە سودان لە وڵاتانی وەک میسریش گرنگترە.
زارعی وتی: نزیکبوونی خەڵکی سودان لە بەرەی خۆڕاگری و پاڵپشتی ئەوان لە دۆسیەی فەڵەستین هۆکارێکی دیکەی ئەم گرنگییەیە. سودان نەک تەنیا پێشوازیی لە خۆڕاگری کردووە، بەڵکوو وەک پردێک لە کیشوەری ئەفریقا دەرکەوتووە، ئەمانەش بوونە هۆی دوژمنایەتی زایۆنیستەکان و پیلانگێڕی لە سودان.
ئەو شرۆڤەکارە نێودەوڵەتییە وتی: زایۆنیستەکان لە دەیەکانی ڕابردوو بناغەی گرووپە چەکدارییەکانیان لە سودان دانا و پاڵپشتییان لەو گرووپانەش کرد. زایۆنیستەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە پاڵپشتی لە باشوری سودان یەکەم گورزیان لە ڕێگای دابەشبوونەوە لە پەیکەری ئەم وڵاتە دا. ئەوان پرۆژەی دارفۆریان جێبەجێ کرد، ناوچەیەک کە 5 ویلایەت یان هەمان پارێزگا لە خۆ دەگرێت.
سەعدوڵڵا زارعی وتی: ئێستاش دەستی دەرەکی لە ڕووداوەکانی سوداندا هەیە، سعوودیە و میسر پاڵپشتی لە عەبدولفەتاح بورهان فەرماندەی سوپای سودان دەکەن، ڕژێمی زایۆنیستی و ئیماراتیش پاڵپشتی لە ژنڕاڵ حەمیدتی فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەکەن.
ناوبراو سەبارەت بە هەڵوێستە ئاشکرا و نهێنییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواش وتی: ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا وا پیشان دەدەن کە ویستی دەستێوەردانیان لە کاروباری ناوخۆیی سودان نییە، لە کاتێکدا سودان حکومەتی فەرمیی هەیە و دەبێت ئەوان پاڵپشتی لەم حکومەتە بکەن، لە کاتێکدا کە بانگەشەی بێلایەنی دەکەن و ئەمەش پەیامێکە بۆ شەرعییەتدان بە شەڕ و گرووپە چەکدارییەکان.
زارعی بە ئاماژە بە ڕاپۆرتەکەی ئەم دواییەی کەناڵی بی بی سی کە بە جۆرێک باسی درێژەپێدانی شەڕەکەی سودانی کردووە، وتی: ئامانج لەم سیناریۆیە، بەردەوامی ئاڵۆزییەکان بۆ دەستێوەردان و لە ئاکامدا پرۆژەی بچووککردنەوەی وڵاتانی ئیسلامییە.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە وتی: ئەوەی کە لە سوداندا ڕوو دەدات بە پێی پیلان و نەخشەی ڕۆژئاوا و ڕژێمی زایۆنیستییە بۆ بچووککردنەوە و دابەشکردنی وڵاتانی ئیسلامی، ئەو پرۆژەش بەردەوام وەک ئامانجێکی ئەوان شوێنگری دەکرێت./.