بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کاتێکدا کە دۆخی ئابوری وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرەو خەراپتربوون دەڕوات، وڵاتانی ئەندام لە کۆمەڵەی ئۆپێک پڵەس ڕێژەی وەبەرهێنانی خۆیان دابەزاندووە و هەروەها ڕێژەی کڕینی نەوتی چینیش بەرز بووەتەوە، بەم دۆخەوە پێشبینی دەکرێت کە نرخی جیهانی نەوت ئەمساڵ بگاتە 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
بە پێی ڕاپرسییەکی 40 شرۆڤەکار و ئابوریناس، نرخی نەوتی برێنت لە ساڵی 2023 بە شێوازی مامناوەند دەگاتە 87.12 دۆلار لە هەر بەرمیلێک کە لە 86.49 دۆلاری هەر بەرمیلێک لە مانگی ئازار و لە نزیکەی 78 دۆلاری ئێستا زیاترە.
بە پێی ئەو پێشبینییە، مامناوەندی نرخی نەوتی برێنت تا ئێستا لەمساڵ گەیشتووەتە 82 دۆلار لە هەر بەرمیلێکدا و بۆ نەوتی خاوی ئەمریکاش پێشبینی ئەوە کراوە کە بگاتە 82.23 لە هەر بەرمیلێکدا کە لە نرخی 80.88 دۆلاری مانگی ڕابردوو زیاترە.
متیۆ شروود شرۆڤەکاری کاڵا سەرەکییەکان ڕایگەیاندووە کە ئەو هۆکارانەی کە کاریگەری لە سەر نرخەکان لەمساڵ دادەنێن، دابەزینی ڕێژەی وەبەرهێنانی ئۆپێک دەبێت.
پاش ئەوەی کە نرخی نەوت لە مانگی ئازار بۆ 70 دۆلار لە هەر بەرمیلێکدا دابەزی کە کەمترین ڕێژەی 15 مانگی ڕابردووش بووە، سعوودیە و وەبەرهێنەرانی دیکەی ئۆپێک پڵەس، سەرەتای ئەم مانگە، دابەزینی زیاتری وەبەرهێنانی نەوتی خۆیان بە ڕێژەی یەک ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕاگەیاند کە ئەم بڕیارەش بۆ بازاڕ چاوەڕواننەکراو بوو و بە گشتی ڕێژەی دابەزینی وەبەرهێنانی ئۆپێک پڵەس گەیشتە 3 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە کە لە مانگی ئایارەوە جێبەجێ دەکرێت.
بە پێی ڕاپرسییەکە، چاوەڕوان دەکرێت سزاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە دژی نەوتی ڕووسیا کێشە بۆ بازاڕی نەوت بخوڵقێنێت.
کرستن فریچ شرۆڤەکاری کاڵا سەرەکییەکان ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا بازاڕ هێندە گرنگی بە دابەزینی ڕێژەی وەبەرهێنان نادات، ئەم دابەزینەش زیاتر لە نیوەی دووەمی ساڵی 2023 خۆی پیشان دەدات.
زۆربەی شرۆڤەکاران لەو بڕوایەدان کە ئەستەمە نرخی نەوت بۆ سەروی 100 دۆلار لە هەر بەرمیلێکدا بەرز ببێتەوە.
بە پێی ڕاپرسییەکە، چاوەڕوان دەکرێت مامناوەندی نرخی نەوت لە سێ مانگەی کۆتایی ئەمساڵ بگاتە 90.72 دۆلار لە هەر بەرمیلێک کە ئەمەش لە 85.78 دۆلاری ئێستا و 88.86 دۆلاری سێ مانگەی دووەم زیاترە./.