بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی بلۆمبێرگ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە یەکێتی ئەورووپا سەرەڕای سزا و گەمارۆکان، بەردەوام ئابوری خۆی بە نەوتی ڕووسیا بەهێز دەکات. وڵاتانی ئەندام لەم یەکێتییە دەڵێن کە درێژە بە کڕینی نەوتی سزادراوی ڕووسیا لە ڕێگای هیندستانەوە دەدەن.
یەکێتی ئەورووپا، گرووپی حەوت و ئۆسترالیا نرخی 60 دۆلارییان بۆ هەر بەرمیل نەوتی ڕووسیا دیاریکردووە کە لە 5 ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە جێبەجێ کراوە. یەکێتی ئەورووپا هەروەها سزای بە سەر هاوردەکردنی نەوتی خاوی ڕووسیا لە ڕێگای دەریاوە جێبەجێ کردووە. ئەو سزایە پێشتر لە لایەن بەریتانیا، کەنەدا، ئەمریکا و ژاپۆنەوە جێبەجێ کرابوو، وڵاتانی ئەورووپیش پاش ماوەیەک ئەو سزایەیان بە سەر نەوتی ڕووسیادا سەپاند.
بەم پێیەش، خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەی دەریایی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت بیمە و دابینکردنی دارایی تەنیا بۆ ئەو بارە نەوتییانەی ڕووسیا ڕێگاپێدراوە کە بەو 60 دۆلارە یان کەمتر لەوە مامەڵەی پێوە کرا بێت.
بەڵام هیندستان پەیوەندی بەم سزا و سنوردارکردنی نەوتی ڕووسیاوە نەکرد و لە بەرامبەردا نەوتی ڕووسیای بە داشکاندنی زیاترەوە هاوردە کردووە. ڕێژەی هاوردەی نەوتی هیندستان لە ڕووسیاوە زیادی کردووە و لە کۆی گشتی هاوردەی نەوتی ئەم وڵاتە لە عێراق و سعوودیە زیاتر بووە.
هیندستان پاش چین و ئەمریکا سێهەم گەورە هاوردەکاری نەوتی جیهانە و لەو کاتەوە ڕووسیا داشکاندنی بۆ نرخی نەوتەکەی کردووە، هاوردەی خۆیی لەو وڵاتە بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.
پاڵاوگەکانی هیندستان لە ساڵی 2022 تا 2023 بە ڕێژەی 970 تا 981 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە نەوتیان لە ڕووسیا کڕیوە کە زیاتر لە یەک لە سەر پێنجی هاوردەی نەوتی ئەم وڵاتە لە خۆ دەگرێت. ڕێژەی هاوردەی نەوتی هیندستان ڕۆژانە 4 ملیۆن و 500 هەزار تا 4 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل بووە.
لەو کاتەوە کە سزاکانی سەر نەوتی ڕووسیا جێبەجێ کراوە، نەک تەنیا ئەوەی کە هیندستان بووەتە گەورەترین کڕیاری نەوتی ڕووسیا، بەڵکوو نیودهلی بووەتە گەورەترین دابینکاری سووتەمەنی پاڵاوتەکراوی ئەورووپا.
پاڵاوگەکانی هیندستان ڕێژەی کڕینی نەوتی ڕووسیایان بەرزتر کردووەتەوە و دەیکەنە سووتەمەنی و دیسانەوە بە نرخێکی باشتر هەناردەی وڵاتانی ئەورووپای دەکەنەوە.
ڤیکتۆر کاتۆنا شرۆڤەکاری بازاڕی نەوت بە ئاژانسی بلۆمبێرگی ڕاگەیاندووە کە نەوتی ڕووسیا سەرەڕای سەرجەم سزا و گەمارۆکان، سەرقاڵی دۆزینەوەی ڕێگای خۆیە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەورووپا و بەرزبوونەوەی هەناردەی سووتەمەنی هیندستان بۆ ئەورووپا باشترین نموونەی ئەمەیە.
هەناردەی سووتەمەنی هیندستان بۆ ئەورووپا بۆ سەروی 360 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بووەتەوە و کەوتووەتە پێشی سعوودیەوە.
گازۆئیل بەشێکی زۆری ئابوری ئەورووپا دابین دەکات، زیاتر لە یەک لە سەر سێی ئەم سووتەمەنییە پێش شەڕی ئۆکراینا لە ڕووسیاوە دابین دەکرا. ئێستا کە ئەورووپا قەدەغەی هاوردەی سووتەمەنی ڕووسیای جێبەجێ کردووە، ئەم وڵاتانە پێویستیان بەوە هەیە کە شوێنگرەوەی بۆ بدۆزێتەوە کە ئەمەش بە واتای بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە بە کەشتی یان کێبڕکێی نێوان پاڵاوگەکانە.
چاوەڕوان دەکرێت ئەو بارە نەوتانەی کە لە مانگی نیسان لە ڕووسیاوە گەیشتوونەتە هیندستان، بگاتە زیاتر لە 2 ملیۆن بەرمیل کە ئەمەش دەکاتە لە سەدا 44 ی کۆی گشتی هەناردەی نەوتی خاوی هیندستان./.