بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژە بەرنامەکانی سەردانە دوو ڕۆژەکەی بۆ سوریا، ئەمڕۆ پێنج شەممە 5 ی ئایاری 2023 لە کۆبوونەوەی لە گەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەکان و فەرماندەکانی خۆڕاگری ئیسلامی و بیرمەندانی فەڵەستینی وتی: پرسی فەڵەستین و ئازادی قودس بووەتە گرنگترین پرسی ئەمڕۆی جیهانی ئیسلام کە نابێت ئەمە لەبیر بکرێت و بەلاڕێدا ببرێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران پرسی فەڵەستینی وەک گرنگترین بابەتی سیاسەتی دەرەوە داناوە و پێی وایە کە تەواوی هاوکێشەکانی جیهانی ئیسلام پەیوەندییان بەم پرسەوە هەیە.
ناوبراو وتی: دوژمن بە هەموو هێزێکەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی مافەکانی گەلی فەڵەستین هاتووەتە گۆڕەپانەکەوە و موسڵمانانیش دەبێت هەموو هێز و توانایەکی خۆیان بۆ مسۆگەرکردنەوەی مافی پێشێلکراوی فەڵەستین و ئازادی قودس بەکار بێنن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە شەڕی دەروونیی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بۆ مانەوەی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: دوژمنان بە هەڵگیرسانی شەڕی هەمەلایەنە هەوڵ دەدن ئەوە بە فەڵەستینییەکان بڵێن کە چارەنووس و ژیانی ئەوان بە ڕژێمی زایۆنیستییەوە گرێدراوە و ئەم ڕژێمە دەمێنێتەوە و دەبێت لە لایەن موسڵمانانەوە قبووڵ بکرێت.
ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی چەندین ڕێکەوتنی وەک کەمپ دەیڤید، شەرموشێخ، ئۆسلۆ و پێشنیاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی ئیسلامی لە پێناو مانەوەی ڕژێمی زایۆنیستی ناو برد و وتی: ئەوان ژمارەیەک لە وڵاتانی ئیسلامییان ناچار بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی کرد بەڵام ئەوەی کە بە کردەوە بینرا، پاشگەزبوونەوەی ئەم ڕژێمە و بەردەوامی هێرش و دەسدرێژی بۆ سەر مافی فەڵەستینییەکان و کوشتن و تاڵانکردنی ئەوان بووە.
ناوبراو وتی: ئەمڕۆ سەلمێندراوە کە خۆڕاگری تەنیا ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی و بەرەوپێشچوونی جیهانی ئیسلامە، لە ئێستادا یەکڕیزی زیاتری هێزەکانی خۆڕاگری، ناوچەکە و جیهانی ئیسلام بۆ خێراترکردنی شکستی ڕژێمی زایۆنیستی و ئازادی قودسی پیرۆز و گەڕانەوەی فەڵەستین بۆ خەڵکە ڕەسەنەکەی بە پێویست دادەنرێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: تەنیا ڕێگاچارەی پرسی فەڵەستین، بوونی حکومەتێکە بە پێی ئیرادەی فەڵەستینییەکان و ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا بانگەشەی دیمۆکراسی دەکەن، پەنا بۆ دەنگی خەڵکی فەڵەستین ببەن و پابەندی ئەنجامەکەشی بن./.