بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کاتێک کە شەڕی جیهانی لە ئەورووپا کۆتایی هات، ڕۆژە سەخت و دژوارەکانی وڵاتانی ڕووخاو دەستیپێکرد. لە لایەکەوە ژێرخانەکان بە تەواوی لە ناو برابوون و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتان بە بێ هاوکاری نێودەوڵەتی نەدەکرا و لە لایەکی دیکەوە بێ متمانەیی و کەلێنە سیاسییەکان دوو هێندە زیاد بوون. لە کەشێکی وەهادا بوو کە وڵاتانی ئەورووپی بیرۆکەی هاوکارییان پێکەوە خستەڕوو و ئەمەش کۆتایی بە تێڕوانینی کۆن و ڕابردووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هێنا.
لەم چوارچێوەدا بوو کە بیرۆکەی هاوکاری ئابوری لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکان زاڵبوونی خۆیی پیشاندا و ئەمەش وایکرد ئەو وڵاتانەی کە متمانەیەکی ئەوتۆیان بە یەکتر نەبوو، ببنە هاوبەش و هاوکارییەکی زۆری ئابورییان پێکەوە دەستپێکرد.
ئەگەرچی دوو وڵاتی ئێران و سعوودیە وەک وڵاتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا یان ئەڵمانیا و فەرەنسا ئەزموونی شەڕی خوێناوی یەکەم و دووەمیان نەبووە بەڵام لە ساڵانی ڕابردوو لە ئەنجامی گۆڕانکارییە ناوچەییەکان بە تایبەت گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە عێراق یان داگیرکاریی سەربازی لە لایەن ئەمریکاوە لە 2003 یان شەڕی سوریا لە 2011 پەیوەندییەکانیان زۆر دابەزی و لە ئاکامدا لە ساڵانی ڕابردووش ئەو پەیوەندییانە پچڕا. بەڵام ئێستا کاتی گۆڕانکاری لەم پەیوەندییانەدا گەیشتووە و پێدەچێت هاوکات لە گەڵ گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان و دەرکەوتنی هێماکانی گۆڕانکاری لە لوتکەی هێزی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانن ئەو دەرفەتەیان هەبێت کە ڕۆڵی چالاکتریان لە داڕشتنەوەی داهاتووی جیهاندا هەبێت.
ئێران و سعوودیە ساڵانێکە وەک دوو هێزی ناوچەکە دەناسرێن، ئەگەرچی پەیوەندییەکانیان لە ساڵانی ڕابردوو پچڕابوو بەڵام ئێستا دەرفەتی نوێی هاوکاری سیاسی، ئابوری بە تایبەت لە بواری وزە لە نێوان ئەواندا هەیە.
بە پێی پێگەی هەر دوو وڵات لە بازاڕی جیهانی وزە و ڕێکخراوی ئۆپێک، لەم هەلومەرجە نوێیەدا دەتوانن پەیوەندییە مێژووییەکانیان لەم بوارەدا بپارێزن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سعوودیە بە پێچەوانەی ئەو نەریتە کۆنەی کە بەردەوام شوێنکەوتووی بەرژەوەندی وڵاتانی بەکارهێنەری وزە بووە و بە پێکهێنانی بەرەی وڵاتانی عەرەبی لە بەرامبەر بەرەی ئێران – ڤەنزوێلا – جەزایر بەردەوام لایەنگری وەبەرهێنانی زیاتری نەوت بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت بووە، لە ساڵانی ڕابردووش بە پێکهێنانی ئۆپێک پڵەس هەوڵیداوە ڕێگری لە دابەزینی نرخەکان بکات و ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕیاز.
ئێران و سعوودیە دەرفەتی ئەوەیان لە پێشە کە لە ڕێکخراوی ئۆپێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ و دابینکردنی بەرژەوەندی وڵاتانی وەبەرهێنەر هاوکاری یەکتر بکەن. هەروەها لە بواری پترۆکیمیا سەرەڕای کێبڕکێی نێوان هەر دوو وڵات بۆ بەدەستهێنانی بازاڕی نوێ، لە بواری وەبەرهێنان و پاراستنی بەرژەوەندی وەبەرهێنەران لە بەرامبەر بەکارهێنەران، بەستێنی هاوکاری بوونی هەیە.
ئێران و سعوودیە لە بواری بازرگانیشدا دەتوانن هاوکاری یەکتر بکەن و بازاڕی سعوودیە دەتوانێت بۆ پیشەسازییەکانی ئێران گرنگ بێت و لە لایەکی دیکەوە سعوودیە لە بواری بەرهەمەکانی خۆراکدا لە وڵاتانی پێشەنگی ناوچەکەیە و هەر دوو وڵات لەم بوارەدا و بۆ پڕکردنەوەی بازاڕەکانی یەکتر دەتوانن هاوکاری بکەن. سەرەڕای ئەمەش ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات هیچ کات لە 600 ملیۆن دۆلار تێپەڕ نەبووە کە بەشێکی بە هۆی کێشە سیاسییەکانەوە بووە و بەشێکی دیکەی بە هۆی ئەوە بووە کە ئابوریی هەر دوو وڵات تەواوکەری یەکتر نین و لە بوارە جیاجیاکاندا کێبڕکێی جیدی بۆ بەدەستهێنانی بازاڕی لایەنی بەرامبەر هەبووە.
هەر دوو وڵات بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پێویستیان بەوە هەیە کە قۆناغی کۆنی بازرگانییەکان بە لاوە بنێن. بۆ نموونە، ئێران دەبێت لە قۆناغی هەنادەکردنی بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی وەک فستق بگاتە هەناردەی بەرهەمە پیشەسازی و زانست بنەماکان. فرۆشتنی بەرهەمە خاوەکان لە بەرژەوەندی ئێراندا نییە بەڵکوو پێگەی ئابوریشی لە ئاستی ناوچەکە لاواز دەکات و ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ بەرهەمی کۆمپانیا زانست بنەماکان سنورەکانی ئێرانی تێپەڕ کردووە و بەرهەمە پیشەسازییەکانی لە جیهاندا کڕیای جیدیی هەیە.
لەم نێوەندەدا ئەرکی دامەزراوەکانی ئێران بە تایبەت وەزارەتی ئابوری و دارایی و هەروەها پیشەسازی، کانزا و بازرگانی ئەوەیە کە ئاسانکاری بۆ گرێبەستی نێوان بازرگانان و چالاکوانانی ئابوریی هەر دوو وڵات بکەن. وەزارەتی دەرەوەش بە پێی کاروباری سیاسی لە پەیوەندییە دووقۆڵی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان یان دۆسیەکانی وەک حەج، گرنگی بە چاکسازی و سەر لە نوێ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە ئابورییەکان لە گەڵ سعوودیە بدات کە ساڵانێکە پەکخراوە.
بۆ کەس شاراوە نییە کە ئەگەر پەیوەندییەکی پتەوی ئابوری لە نێوان ئێران و سعوودیەدا هەبێت لە قۆناغی داهاتوودا پەیوەندییەکی نێودەوڵەتیش لە نێوان هەر دوو وڵاتدا ڕێکدەخرێت و چیدی دوژمنانی جیهانی ئیسلام کە بەرژەوەندییەکانیان لە بوونی ناکۆکی نێوان وڵاتانی ئیسلامیدایە، ناتوانن بە ئاسانی کێشە بۆ پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز بخوڵقێنن./.