بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆماری ئیسلامی ئێران و سعوودیە لە پاش 7 ساڵ و 3 مانگ و پاش 5 گەڕی دانوستان لە عێراق و 3 گەڕیش لە عۆمان، لە پەکینی پایتەختی چین بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانیان گەیشتنە ڕێکەوتن و لە پاش یەک مانگیش حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و فەیسەڵ بن فەرحان وەزیرانی دەرەوەی هەر دوو وڵات بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و دواتریش شاندە تەکنیکییەکان بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی کردنەوەی باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکان سەردانی تاران و ڕیازیان کرد.
سەید ڕەزا سەدرحوسێنی شارەزا لە کاروباری ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا سەبارەت بە دەفرایەتییە ئابورییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، وتی: دۆخی ئابوری سعوودیە بە پێی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هاوردە لە بوارە جیاجیاکان بە تایبەت مادە خۆراکییەکان، کەرەستەی نێوماڵ و پێداویستییە ڕۆژانەکانی خەڵک، دەتوانێت یەکێک لە بازاڕە گرنگیەکانی کاڵا و بەرهەمە ئێرانییەکان بە پێی گونجاوبوونی نرخەکان بێت.
ناوبراو وتی: بە پێی گرنگیدانی سعوودیە بە بواری نەوت و پترۆکیمیا، وەبەرهێنان و هەناردەی تەکنیکی و ئەندازیاریی ئێران دەتوانێت یارمەتیدەری ڕیاز بێت.
ئەو شرۆڤەکارەی کاروباری ڕۆژئاوای ئاسیا وتی: گرنگیدان بە خاڵە هاوبەشەکان لە سەرمایەگوزاری وزە دەتوانێت ببێتە بنەمایەکی هاوکاری لە نێوان ئێران و سعوودیە. هەروەها سەرمایەگوزارانی سعوودیە دەتوانن لە بوارەکانی وەک گەشتیاری، وزە، هێڵی ئاسن و ڕێگاوبان لە ئێران چالاکی بکەن.
سەدرحوسێنی وتی: خاڵە هاوبەشەکان لە بوارەکانی ئابوری، بازرگانی، وزە و پترۆکیمیا دەتوانن ئاسۆیەکی گەش بخەنە بەردەم پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات.
ناوبراو بە ئاماژە بە پێویستی سعوودیە بە هێزی کارامە و شارەزا و پسپۆڕ لە بوارەکانی تەندرووستی، تەکنیکی و ئەندازیاری و هەروەها لە بواری ئەلیکترۆنی، وتی کە ئێران دەتوانێت لە بواری پێدانی هێزی کاری پسپۆڕ یارمەتیدەری سعوودیە بێت./.