بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە میانەی وتارێکی لە پێنجەمین پێشانگای هەناردەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە بەرواری یەک شەممە 7 ی ئایاری 2023 لە تاران بەڕێوەچوو، وتی: دەفرایەتی ئابوریی وڵاتانی دیکە دەبێت بە چالاکوانانی ئابوریی ئێمە بناسێندرێت و یەکێک لە ئەرکەکانی نووسینەی بازرگانی لە وڵاتانی دیکە ناساندنی ئەم توانا و دەرفەتانەیە.
ناوبراو وتی: لەم خولەی کابینەدا هەوڵ دراوە نووسینگە بازرگانییەکانی ئێران لە وڵاتانی دیکە چالاک بکرێت، یان لەو وڵاتانەش کە نووسینگە نەبووە بکرێتەوە. کردنەوەی پێشانگا لە ناوخۆ و دەرەوە ڕووداوێکی گرنگە و بەستێنی ناساندنی توانا و بەرهەمەکانی ئێران دابین دەکات.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: بەرهەمەکانی ناوخۆیی ئێمە لە گەڵ بەرهەمی وڵاتانی دیکە کێبڕکێ دەکەن و ئەمەش بابەتێکی گرنگە. لە بواری دەرمان لە لایەن کۆمپانیاکانی زانست بنەماوە سەرکەوتنی گەورە تۆمار کراوە و ئەمەش شانازییەکە بۆ وڵات و لە سەدا 95 ی دەرمانی پێویستی وڵات لە ناوخۆدا بەرهەم دێت. لە بواری پۆڵا و ئاسن و پترۆکیمیاش بە هەمان شێوە، هەروەها لە بواری کانزاکان کاری بەرچاو کراوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: چالاکوانانی ئابوریی ئێمە لەوەدا سەرکەوتوو بوون کە کاریگەری گەمارۆکان نەهێڵن و ئەم پێشانگایەش نموونەیەکە بێ کاریگەریی گەمارۆکانی ئەمریکایە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: نابێت سەرکەوتنەکان لەم ئاستەدا بن، ئیرادەی ئێرانییەکان زۆرە و دەبێت پەرە بە وەبەرهێنان و هەناردە بدرێت.
ناوبراو وتی: ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران زۆر گرنگییان بە کۆمپانیاکانی زانست بنەما داوە و پێویستە لە وەبەرهێنانی کاڵا گرنگی بە کوالیتی و نرخی هەرزان بدرێت.
ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی بە ئاماژە بە دانوستانەکانی تایبەت بە هەڵگرتنی گەمارۆکانیش وتی: ئەمریکییەکان مێزی دانوستانیان بە جێهێشتووە و وڵاتانی ئەورووپی پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان نەبوون، کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی پابەندی هەموو بەڵێنەکان بووە.
ناوبراو وتی: ئێمە هیچ کار و پلانێکی ئابوری بە دانوستانەکان و ئەنجامەکانی گرێ نادەین.
وتیشی کە لە تەمەنی ئەم کابینەیەدا زیاتر لە 50 ملیار دۆلار هەناردە کراوە و ئەمەش پیشان دەدات حکومەت بە جیدی پاڵپشتیی لە کەرتی وەبەرهێنان و هەناردە کردووە./.