بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید میعاد ساڵحی سەبارەت بە دوایین دۆخی پرۆژەی هێڵی ئاسنی شەلەمچە – بەسرە وتی: شاندێکی عێراقی بە سەردانیکردنی ئێران، پرۆژەی هێڵی ئاسنی شەلەمچە – بەسرەیان بەسەرکردەوە. هەر دوو شاندی تەکنیکی، سیاسی و سەربازیی ئێران و عێراق سەرجەم بەشەکانی ئەم پرۆژەیان لە سنورەوە تا ڕووباری ئەروەند (شەتولعەرەب) بەسەرکردەوە.
ناوبراو وتی: شاندەکان بۆ ماوەی 4 کاتژمێر لەو بەسەرکردنەوەیە بەردەوام بوون و پاشان کۆبوونەوەیەکی 6 کاتژمێری بەڕێوەچوو.
ساڵحی وتی: ئەگەر لایەنی عێراقی سەرجەم بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات، لە ماوەی 1.5 تا 2 ساڵی داهاتوو، پرۆژەی هێڵی ئاسنی شەلەمچە – بەسرە تەواو دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هێڵی ئاسنی ئێران سەبارەت بە دانوستانی نێوان شاندەکانی هەر دوو وڵات وتی: نەخشە تەکنیکییەکانی لایەنی عێراقی درایە لایەنی ئێرانی و سەرجەم وردەکارییەکانی خرایەڕوو.
وتیشی کە بڕیار دراوە لایەنی عێراق تا هەفتەی داهاتوو 16 کیلۆمتەر زەوی بۆ پاککردنەوەی لە مین و تەقەمەنییەکان ڕادەستی لایەنی ئێرانی بکات./.