بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەباح زەنگەنە لە وتووێژێکدا سەبارەت بە سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سوریا، وتی: سەردانی بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵاتی ئێران و سوریا دەبێت بەردەوام و هەمیشەیی بێت، هەر دوو وڵات لە قەیرانە گەورەکانی وەک شەڕی سەپێندراوی سەدام لە دژی ئێران و هەروەها شەڕی دژ بە داعش لە سوریا هاوکارییان هەبووە.
ناوبراو وتی: ماوەیەک پەیوەندییەکانی ئێران و سوریا بە هۆی قەیرانەکانەوە ڕەهەندی ئەمنی و سەربازیی هەبووە بەڵام بە باشتربوونی دۆخی سوریا و شکستی پیلان و قەیرانەکان، ئاوەدانکردنەوەی ئەم وڵاتە دێتە پێشەوە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە لە سەرجەم بوارەکانی ئابوری، کۆمەڵایەتی، بازرگانی، تۆڕی پەیوەندییەکان و گواستنەوە هەیە و ئێرانیش دەتوانێت لەم بوارانەدا هاوکاری سوریا بکات.
ئەو شارەزا سیاسییە لە درێژەدا بە ئاماژە بە کۆمپانیا گەورەکانی ئێران و ئەزموونی چالاکییەکانیان، وتی: کۆمپانیاکانی ئێران دەتوانن لە ئاوەدانکردنەوەی سوریا ڕۆڵی تایبەتیان هەبێت، ئەڵبەت ئەمەش پێویستی بە دابینکردنی دارایی پرۆژەکان لە لایەن سوریاوە هەیە. بە پێی ئەو هێمایانەی کە لە لایەن ئیمارات و سعوودیەوە بینراوە کە تێڕوانینێکی ئەرێنییان لە سەر سوریا هەیە و لە ئەگەری مسۆگەربوونی، ڕەنگە بتوانین باس لە هاوکارییەکی چەندقۆڵی بکەین کە بۆ نموونە لە نێوان ئێران، سعوودیە و ئیمارات لە گەڵ حکومەتی سوریا هەنگاو بەرەو ئاوەدانکردنەوەی ئەم وڵاتە بنێن، یان ئەم هاوکارییە لە لایەن چین و ئێرانەوە لە گەڵ حکومەتی سوریا بێت.
سەباح زەنگەنە وتی: هەرچی ئاسایش و سەقامگیری و بواری ئەمنی بە گشتی لە سوریا باشتر بێت، پێگەی ناوچەیی ئەم وڵاتە بەرزتر دەبێتەوە و دواتر دەتوانێت وەڵامی هێرش و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستیش بداتەوە و یارمەتیدەری گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستینیش بێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە کاریگەرییەکانی سەردانەکەی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بۆ دیمەشق وتی: سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کەشێکی نوێی هێناوەتە پێشەوە و ورەی بەرەی خۆڕاگریی بەرزتر کردووەتەوە و خۆڕاگری لە بەرامبەر تاوان و دەسدرێژییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی باشتر و زیاتریش دەبێت./.