بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولباری عەتوان نووسەر و شرۆڤەکاری بەناوبانگی جیهانی عەرەبی لە میانەی نووسینێکدا کە لە ڕۆژنامەی رای الیوم بڵاو بووەتەوە، ڕایگەیاند کە خۆڕاگریی کەم وێنەی 12 ساڵەی سوریا گەیشتە سەرکەوتنێکی مێژوویی، بە شێوازێک کە ئەم وڵاتە بە بێ هیچ مەرجێک گەڕایەوە کۆمکاری عەرەبی.
لەو نووسینەدا هاتووە کە گەڕانەوەی سوریا شکستێکی قورسە بۆ ئەمریکا کە بە هەموو هێزێکەوە دژی ئەمە وەستایەوە و بە هەر شێوازێک ئاستەنگی دەخستە بەردەم گەڕانەوەی سوریا، بەڵام هیچ وڵاتێکی عەرەبی هاوکاری ئەمریکای نەکرد و ئەمەش پیشاندەری دابەزینی ئاستی دەستڕۆیشتوویی واشنتنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەڵبەت سوریاش هیچ گرنگییەکی نەدایە گەڕانەوە بۆ کۆمکاری عەرەبی و کاردانەوەیەکی لە بەرامبەر ئەمەدا نەبوو.
عەتوان ڕایگەیاند کە سوریا لە ساڵی 2013 لە کۆمکاری عەرەبی دوور خرایەوە بەڵام دیسانەوە بۆ کورسییەکەی خۆی گەڕایەوە، هۆی ئەمەش گۆڕینی ستراتیژی سەرکردەکانی سعوودیە بووە کە لە پاش ڕێکەوتنەکەی ڕیاز و تاران بە ڕاستییەکانی ناوچەکە بە تایبەت پەیوەندی لە گەڵ سوریا گەیشتوون. دیار نییە کە بەشار ئەسەد لە کۆبوونەوەی داهاتووی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە ڕیاز بەشدار دەبێت یان نە بەڵام لە ئەگەری بەشداربوونی، دەبێتە ئەستێرەی ناو کۆبوونەوەکە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە خۆڕاگریی سوپای سوریا لە گۆڕەپانی شەڕ بووە هۆی گەڕانەوەی ئەم وڵاتە بۆ کۆمکاری عەرەبی، وتی: گەلی سوریاش ئێش و ئازارێکی زۆری چێشتووە تا پیلانەکەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستیی بۆ دابەشبوونی ئەم وڵاتە پووچەڵ کردەوە. وڵاتانی عەرەبی کە سەدان ملیار دۆلاریان بەکار هێنا تا سوریا تووشی شکست بکەن، ئاڵای سپییان هەڵکرد و لە بەرامبەر ئەم وڵاتەدا خۆیان بە دەستەوەدا.
سەرنووسەری ڕۆژنامەی رای الیوم ڕایگەیاند کە ئێمە لە قۆناغی گۆڕانکارییەکانی جیهانداین و گرنگترین هێمای ئەمەش دابەزینی ئاستی کاریگەری و دەستڕۆیشتوویی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی و بوونی جیهانێکی چەند جەمسەرییە بە سەرکردایەتی چین و ڕووسیا، هەر بۆیە ئاساییە کە جیهانی عەرەبیش لەم گۆڕانکارییانە بە دوور نەبێت، سەرکردەکانی سعوودیە بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی هاتنە گۆڕەپانەکەوە، ئەمەش نەخشەی نوێی ناوچەکە دادەڕێژێتەوە و گرنگترین ناونیشانی ئەمەش، زیندووکردنەوەی هاوپەیمانی میسر، سعوودیە، عێراق و سوریا و پتەوکردنی پەیوەندییەکانە لە گەڵ ئێران.
عەبدولباری عەتوان ڕایگەیاندووە کە ڕژێمی زایۆنیستی گەورەترین دۆڕاوی گۆڕانکارییەکانی جیهانی عەرەبییە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە جارێکی دیکە گرنگی بە دۆسیەی فەڵەستین بدرێت و سەرجەم ڕێکەوتنەکانی سازشت لە گەڵ تەل ئەبیب هەڵدەوەشێتەوە. سەرەڕای ئەمەش پێشوازیی تەنیا لە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی بەس نییە و دەبێت ئاوەدان بکرێتەوە و کێشە و گرفتەکانی خەڵکەکەی بەرەو چارەسەربوون بڕوات./.