بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەگەر تۆ هەر جۆرە سەرئێشەیەکت هەبێت، شەقیقە بێت یان سەرئێشەی سترێس و دڵەڕاوکێ یان سەرئێشەی هێشوی، دەتوانیت ڕێگری بکەیت لە دوبارەبوونەوەی بە زانینی هۆکارەکانی.
دکتۆر هەڤین کەمال شا محەممەد پسپۆڕ لە زانستی ئازار و بەنج گرنگترین هۆکارەکانی سەرئێشەی بڵاو کردووەتەوە کە لە درێژەدا ئاماژەیان پێدەدرێت.
1 – سترێس و دڵەڕاوکێ:
سترێس دەبێتە هۆی گرژبوون و ڕەقبوونی ماسولکەکانی شان و مل کە دەبێتە هۆی جۆرێک لە سەرئێشە و پێی دەوترێت سەرئێشەی گرژبوون، بە واتای ئەوەی کێشەکە لە ماسولکەکانەوە دەست پێدەکات و بە سەرئێشە کۆتایی دێت، هەروەها سترێس بە هەمان شێوە سەرئێشەی شەقیقەش زیاد دەکات.
2 – خواردن:
برسێتی سەرئێشەی گرژبوون و شەقیقە زیاد دەکات بەڵام هەندێک خواردنیش دوبارەبوونەوەی سەرئێشەی شەقیقە زیاد دەکات بۆ نمونە، هەندێک کەس بە پاقلەمەنی و چەرەساتەکان سەرئێشەکەیان زیاد دەکات، کەسانی واش هەیە کە بە هەندێک خواردنی دیکە وەک ئەڤۆکادۆ، مۆز، پەنیر، ترشی، شیرەمەنییەکان، شوکولاتە، پیاز، زۆربەی خواردنە ئامادەکراو و موعەلەب و فاست فودەکان ئەوانەی ڕێژەیەکی زۆر نیتراتیان تێدایە، ئازاری سەر زیاد دەکەن.
3 – خواردنەوەی کحول:
یەکێکە لە هۆکارەکانی توشبوون بە شەقیقە و سەرئێشەی هێشویی. زۆربەی کەس دوای خواردنەوەی شەرابی سور تووشی سەرئێشە دەبن، هەتا ئێستا نەزانراوە کە ئایا کحول خۆی هۆکاری سەرئێشەیە یان پێکهاتەیەکی دیکەی ناو خواردنە کحولییەکانە.
4 – ژینگە و سرووشت:
سەرئێشەی هێشویی زیاتر لە هەندێک وەرزدا ڕوو دەدات و زیاتر لە بەهار و پاییزدا ڕێژەکەی زیاد دەکات. ئەوەی ڕوونە و زاناکان کۆکن لە سەری ئەوەیە کە پێکهاتەیەک لە ژینگەی ئەو وەرزانەدا دەبێتە هۆکار، بەڵام بە تەواوەتی چییە نازانن. هۆکارە ژینگەییەکانی وەک تیشکی ڕووناکی ڕاستەوخۆ، دوکەڵ، شێداری، بۆنی تیژ، کەشوهەوای سارد، پەیوەندییان هەیە بە سەرئێشەی شەقیقەوە.
5 – هۆرمۆنەکان:
گۆڕان لە ڕێژەی هۆرمۆنی ئیسترۆجین پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە سەرئێشەی شەقیقەوە لە ئافرەتاندا. سوڕی مانگانە لە خانمە گەنجەکاندا سەرئێشەی شەقیقە زیاد دەکات. هەروەها هەندێک جار گۆڕان لە ڕێژەی ئەم هۆرمۆنە سەرئێشە زیاد دەکات. بە تایبەت لەوانەی وەکوو چارەسەر بەکاریدەهێنن، لە زۆربەی ئافرەتاندا بە وەستانی سوڕی مانگانە ئازاری شەقیقەش کۆتایی دێت.
6 – لێچوونەوە لە کافایین:
ئەگەر تۆ لەو کەسانە بیت کە کافایین بە ڕێژەیەکی زۆر بەکاردەهێنن. ئەویش بە خواردنەوەی چا، قاوە، خواردنە گازییەکان بە ڕێژەیەکی زۆر، ئەگەر لە ناکاو ببڕیت و بوەستیت لە بەکارهێنانی، سەرئێشەت شەقیقە زیاد دەکات. کافایین بۆری خوێنەکان گرژ دەکات، بە بێ کافایین بۆری خوێنەکان دەکشێن و دەئاوسێن کە ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی دروستبوونی سەرئێشەی شەقیقە.
7 – کەم خەوی:
کەم خەوی هۆکارێکە بۆ دروستبوونی ئازاری سەرئێشەی گرژبون و هەروەها سەرئێشەی شەقیقە. هەر بۆیە پشوودان و سەرخەوشکاندن زۆر جار دەبێتە هۆی نەمانی سەرئێشەکە.
چارەسەر چییە؟
تێگەیشتن لە هۆکاری دروستوونی سەرئێشەکەت باشترین چارەسەرە بۆ ڕێگریکردن لە دوبارەبوونەوەی سەرئێشەکەت. هەر بۆیە باشترە لە دەفتەرێکی یادەوەری دابنێیت بۆ کاتی دروستبوونی ئازارەکەت و چیت خواردووە لەو ڕۆژەدا، چەندی خایاندووە و بە چی باش بوویت. ئەگەر بەم ڕێگایە چارەسەر نەبوو، دەتوانیت ڕای پزیشکەکەت وەربگریت و ڕێگا گونجاوەکان هەڵبژێریت./.