بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەوەی کە وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت سعوودیە وەک هاوپەیمانی ئەمریکا، گرنگییان بە بۆچوونەکانی واشنتن نەداوە، پیشاندەری دابەزینی پێگە و کاریگەری ئەو وڵاتەیە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هاوپەیمانانی ناوچەکە ئەوەیان دەوێت کە ڕێگای سیاسی خۆیان لە ئەمریکا جیا بکەنەوە و بۆ ئەمەش ڕوویان لە هاوپەیمان و نەیارەکانی ئەو وڵاتە کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەوڵێکی تێکدەرانەدا بە ئامانجی نەهێشتنی کۆدەنگی وڵاتانی عەرەبی لە دۆسیەی گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی و تۆڵەکردنەوەی ئەو گرنگینەدانەی ئەوان بە بۆچوونەکانی کۆشکی سپی، ڕایگەیاند کە واشنتن دەزانێت هاوبەشەکانی هەوڵی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە گەڵ سەرۆک کۆماری سوریا بۆ گوشارخستنە سەر ئەو وڵاتە و چارەسەرکردنی قەیرانەکەی دەدەن.
ئاژانسی بلۆمبێرگ ڕایگەیاند کە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی، دەتوانێت سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئێران و ڕووسیا بێت کە لە ڕووی سەربازییەوە پاڵپشتییان لە بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە کرد بەڵام بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان پێویستیان بە هاوکاری ناوچەیی هەیە.
ئەم لاوازییەی ئەمریکا بۆ وڵاتان و گەلانی ناوچەکە کە لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان ئاگادار کراونەتەوە و بۆیان ڕوون بووەتەوە، پیشاندەری ئەوەیە کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی تا ئێستاش خێرخوازی ئەوان نەبوون و شەڕی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کردووە و لە هەر هەلومەرجێکدا ئەمریکا زیاتر گرنگی بە ڕژێمی زایۆنیستی دەدات.
بە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی، میدیاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا گرنگییەکی زۆریان بەم بابەتە و کاریگەرییەکانی داوە. گۆڤاری نیوزویک ڕایگەیاندووە کە سەدەی هەژموونی واشنتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی هاتووە.
گۆڤارەکە ڕایگەیاندووە کە باشترین هێما و نموونە بۆ لاوازبوون و بەرەو لەناوچوونی هەژموونی ئەمریکا، هەوڵی وڵاتانی جیهانە بۆ سڕینەوەی دۆلار لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە بووەتە ڕاستییەک لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی جیهان.
نیوزویک ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا تەنیا هەڕەشەی سەربازی و بۆردومانکردن دەکات و وەک چین ناتوانێت ڕەزامەندی وڵاتانی جیهان بە دەست بێنێت.
لێدوان و هەڵوێستی ئەمریکییەکان سەبارەت بە گوشارخستنە سەر بەشار ئەسەد لە لایەن وڵاتانی عەرەبییەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا، پیشاندەری ئەوەیە کە واشنتن دەیەوێت بەم شێوازە شکستەکانی لە دۆسیەی سوریا و گەڕانەوەی ئەم وڵاتە بۆ کۆمکاری عەرەبی پەردەپۆش بکات، شکستێک کە بەرهەمی سیاسەتی خۆسەپاندنی ئەمریکا و پاڵپشتی لە کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕژێمی خوێنمژ و ڕەگەزپەرستی زایۆنیستی و پێشێلکردنی بەردەوامی مافی فەڵەستینییەکان بووە./.