بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانەی سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ سوریا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لە گەڵ ئاژانسی نیشتمانی و تەلەفزیۆنی فەرمی ئەم وڵاتە، وتی کە ئەمڕۆ بە هۆی بوونی خۆڕاگرییەوە گۆڕانکارییەکانی جیهان خێراتر بووە و ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی و ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەو دۆخەی جارانیان نەماوە و هێزی نوێ لە سەر ئاستی جیهان هاتوونەتە پێشەوە.
دەقی تەواوی وتووێژەکەی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی و تەلەفزیۆنی فەرمی و ئاژانسی سانای سوریا لە درێژەدا هاتووە:
پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سوریا پەیوەندییەکی بەردەوام، نزیک و بەرەوپێشچووە و لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بەردەوام ڕووی لە گەشەسەندن بووە و سەردانەکەی بەڕێزتانیش بۆ دیمەشق هاندەری گەشەی زیاتری پەیوەندییەکان دەبێت. بە بۆچوونی بەڕێزتان ئەنجامی ئەم پەیوەندییە بەهێز و نزیکە لە ماوەی زیاتر لە 4 دەیەی ڕابردوو چی بووە و ئاسۆی بەردەم پەیوەندییەکان چۆن دەبینن؟
بە ناوی خودای گەورە. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، قۆناغێکی نوێ و جیاواز لە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و دیمەشق دەستیپێکرد. خوالێخۆشبوو حافز ئەسەد هەڵوێستێکی جیاوازی لە سەر دۆسیەی فەڵەستین، ئازادی قودسی پیرۆز و بەرەی خۆڕاگری هەبوو و سوریا بەم هەڵوێستانەوە بووە وڵاتێکی جیاوازتر لە وڵاتانی دیکە و پێگەی تایبەتی بۆ خۆی مسۆگەر کرد. سەرۆک کۆمار حافز ئەسەد بەردەوام پاڵپشتی خۆیی بۆ بەرەی خۆڕاگری ڕاگەیاند. هەروەها هەڵوێستەکانی لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی دادپەروەرانە و یەکلاکەرەوە بوو و ئەم هەڵوێستانەش لە سەردەمی سەرۆکایەتی بەڕێز بەشار ئەسەد بەردەوام بووە بە جۆرێک کە سوریا لە پێشەوەی وڵاتانی بەرەی خۆڕاگریدایە.
سوریا بە ئاشکرا و بە هێزەوە لە بەرامبەر تاوان و دەسدرێژییەکانی زایۆنیستەکان وەستایەوە و بە هاوکاری ئەو کەسانەی کە لەم پێناوەدا خەباتیان دەکرد، پێگەی تایبەتی هەبووە و بەڕێز بەشار ئەسەد بەردەوام جەختی لە سەر ئەم هەڵوێستە کردووەتەوە. لە ئێرانیش خۆڕاگری لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی و پاڵپشتی لە گەلی فەڵەستین بەردەوام پرسی یەکەمی سیاسەتی دەرەوە بووە، بە ڕادەیەک کە حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) ڕایانگەیاند کە فەڵەستین پرسی یەکەمی جیهانی ئیسلامە و ئازادکردنی قودسی پیرۆز بەردەوام وەک ستراتیژی یەکەمی وڵاتانی ئیسلامی و موسڵمانان دەمێنێتەوە. حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) لەم پێناوەدا و بۆ مسۆگەربوونی یەکڕیزی و یەکگرتوویی ئیسلامی، کۆتا هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانیان وەک ڕۆژی جیهانی قودس دیاری کرد تا سرنجی موسڵمانان لە سەر گرنگی ئازادکردنی قودس بێت.
پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سوریا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر بوو و ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوام لە دژی هەر دوو وڵات پیلانگێڕییان دەکرد. ئەوان هەوڵی ناسەقامگیرکردنی سوریایان دەدا و بەردەوام پاڵپشتی لە گرووپە تیرۆریستییەکان دەکەن و هەوڵی دابەشکردنی سوریایان دەدا و لەم ڕێگایەدا تاوانێکی زۆریان لە دژی گەلی ئەم وڵاتە کردووە.
لێرەدا چەندین پرسیار دێتە پێشەوە کە ئەم گرووپە تیرۆریستییانە چۆن و لە کوێوە پێکهاتوون، چۆن پاڵپشتی دەکران و کێ ئاسانکاری بۆ هاتنی ئەوان بۆ سوریا کردووە؟ بۆ وەڵامی پرسیارەکانیش دەبێت بۆ وتە و لێدوانی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بگەڕێینەوە. یەکێک لە کاندیدەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا وتی کە ئێمە داعشمان پێکهێناوە. ئەمەش دانپێدادانی فەرمی و ڕوون و بەڵگەیەکە بۆ ڕای گشتی جیهان. ئەمریکییەکان کە پێکهێنەری داعش بوون، ئێستا چۆن پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن کە دەیانەوێت لە گەڵ داعش و تیرۆریزم شەڕ بکەن. ئەمریکا داعشی پێکهێناوە و پاڵپشتی لەو گرووپە تیرۆریستییە و تاوانەکانی کردووە و ئێستاش درووشم و بانگەشەی ئەوەیە کە دەیەوێت شەڕی دژ بە تیرۆریستان بکات.
سەرەڕای هەڕەشە و سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە دژی سوریا، لەو بڕوایەداین کە هەڵوێستی دیمەشق، ڕاست و درووستە. سوریا بۆ جێگیرکردنی دادپەروەری و گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە بەرامبەر ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی و وڵاتانی دیکە وەستاوە و ئێمەش لە کۆماری ئیسلامی ئێران بە ڕێنماییەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە گەڵ سوریا و بەرەی خۆڕاگری بووین و دەمێنینەوە.
سوریا لە ساڵانی شەڕدا ژێرخانەکانی ڕووخاوە و داگیرکارانی ئەمریکی و هێزەکانی سەر بەوان، کێڵگە نەوتییەکانیان داگیرکردووە کە ئەمەش کاریگەریی لە سەر ئابوری و بژێوی ژیانی خەڵک داناوە. بەڕێزتان پەیوەندییە ئابورییەکانی سوریا و ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
سوریا وڵاتێکی هەژار نییە بەڵکوو لە ڕووی سەرچاوەی مرۆیی، کانزاکان و سەرچاوە سرووشتییەکان و کشتووکاڵییەوە دەوڵەمەندە و دەتوانێت بەم سامان و داهاتانەوە گەشەی ئابوریی هەبێت بەڵام ئەمریکییەکان زاڵمانە بەشێک لە خاکی سوریایان داگیر کردووە و بە فەرمی و بە ئاشکرا سەرچاوەکانی تاڵان دەکەن. ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کە هاوپەیمانی ڕژێمی زایۆنیستین، کاتێک لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون لە بەرەی سەربازی شکست بە سوریا بێنن، هەوڵ دەدەن لە ڕێگای گوشار و گەمارۆی ئابورییەوە زیان بەم وڵاتە بگەێنن بەڵام بێگومان بە هەوڵ و تێکۆشانی سوریا و گەلەکەی و بەرەی خۆڕاگری تووشی شکستی گەورەتر دەبن و لە کۆتاییدا سەرکەوتن بۆ خەڵکی سوریا دەبێت.
هێماکانی گۆڕانکاری لە سیستەمی جیهانی لە بەرژەوەندی بەرەی خۆڕاگری دەرکەوتووە و ئەمەش جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە پێچەوانەی ئامانجی زایۆنیستەکان و ئەمریکییەکان هەنگاو بەرەو جیهانێکی نوێ دەنێین و هێزی نوێش لە پێناو جیهانێکی چەند جەمسەری و لە دژی تاک جەمسەری ئەمریکا سەریان هەڵداوە.
لە ئێران ئەزموونی سزا و گەمارۆ و هەڕەشەکان بینراوە، ئەمریکا و دوژمنان لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانیان سەرکەوتوو نەبوون، ئەمەش تەنیا تێڕوانینی ئێمە نییە بەڵکوو لە ڕوانگەی کۆشکی سپییەوە ڕاستییەکان هەر وایە، بەرپرسانی فەرمی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە سزاکان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران شکستی هێناوە.
ئەوان بیانەوێت یان نەیانەوێت گەلی ئێران بەرەو پێشکەوتن هەنگاو دەنێت و سزا و گەمارۆ و هەڕەشەکانی نەکردووەتە خاڵێکی ڕاگرتن، بەڵکوو ئەوەی کردووەتە دەرفەتێک و ئەمڕۆ دەبینین کە لە بەرەی خۆڕاگریش فەڵەستینییەکان وایان کردووە و سەرەڕای گەمارۆیەکی بەربڵاو، دۆخی خۆڕاگری جیاوازتر بووە، بە واتایەکی دیکە ئەوانیش هەڕەشەکانیان کردووەتە دەرفەت.
دەبێت هەڕەشە و گەمارۆکان بکرێتە دەرفەت تا ئەوانەی ئەم سیاسەتە بە سەر وڵاتانی دیکەدا دەسەپێنن وانە وەربگرن و بەو ڕاستییە بگەن کە چەکی گەمارۆکان بێ کاریگەر بووە.
سەرکەوتنەکانی بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە چۆن دەبینن و بە بۆچوونی بەڕێزتان ئەم ڕێگایە لە چوارچێوەی سیستەمی نوێی جیهانی بە کوێ دەگات؟
ئێستا دۆخێکی جیاوازتر لە ناوچەکەدا دەبینرێت، بە جۆرێک کە لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی چەندین ڕێکخراوی گەورە ڕۆڵ دەبینن، وەک ڕێکخراوی شانگهای کە بەشێکی بەرچاو و جیدی لە سامان و داهاتی جیهان لای ئەم ڕێکخراوە و وڵاتانی ئەندامە و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بووەتە ئەندام لەم ڕێکخراوە. لە لایەکی دیکەوە دەبینین کە هێز و کاریگەری ئەمریکا بەرەو دابەزین دەڕوات و چیدی وڵاتانی جیهان تەنانەت وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا ئەو تێڕوانینەی پێشوویان بەرامبەر بەم وڵاتە نییە.
شەڕە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق ڕاستییەکی زۆری بۆ دانیشتووانی وڵاتانی جیهان ئاشکرا کردووە. بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە سیاسەتەکانی ئەمریکا تەنیا ئەنجامەکەی ڕژانی خوێنی ژمارەیەکی زیاتری خەڵکی بێ تاوان بووە و پاش 20 ساڵ لە ئەفغانستان تەنیا کوشتن و خوێنڕشتن و بریندارکردنی خەڵک و ڕووخاندنی ژێرخانەکان و تاڵانکردنی سەروەت و سامانەکان بینرا و واشنتن هیچ دەسکەوتێکی نەبووە.
لە ڕووی ئابوریشەوە دەبینین کە ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان هەوڵی سڕینەوەی دۆلار لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان دەدەن و بە باشتری دەزانن کە بە دراوی نیشتمانی خۆیان مامەڵە بکەن. لە ڕووی سیاسی و ئابورییەوە پێگەی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرەو دابەزین دەڕوات و پێمان وایە کە هێزەکانی دیکە بە تایبەت ڕێکخراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان شوێنی ئەوان دەگرنەوە.
هەوڵەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە دەسدرێژی و هێرشی بەردەوام بۆ دواخستنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان، تا چەندە کاریگەریی لە سەر ئیرادەی ئێران و سوریا بۆ لەناوبردنی دوایین تیرۆریستان لە خاکی سوریا دەبێت؟
سوریا خۆی دەتوانێت ئەزموونێکی گرنگ بێت. سوریا 12 ساڵ لە بەرامبەر هێرش و تاوان و دەسدرێژییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی خۆڕاگریی کرد و پاش 12 ساڵ ئێستا هەلومەرجەکە گۆڕاوە و ئێستا تێڕوانینێکی دیکەی وڵاتان لە سەر سوریا و ڕاستییەکانی بوونی هەیە. چ ڕوویداوە؟ خۆڕاگری دەسکەوتی هەبووە، ئەگەر ئەم دەسکەوتانە نەدەبوو، ئەم دۆخە نەدەبینرا. ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی دەزانن کە خۆڕاگری چۆن لە سوریا سەرکەوتنی بە دەست هێناوە.
ڕژێمی زایۆنیستی کەوتووەتە قەیرانێکی گەورە و ناتوانێت لە ناوچە داگیرکراوەکان ڕوبەڕوی تێکۆشەرانی فەڵەستینی ببێتەوە. دۆخەکە بۆ ئەو ڕژێمە قورستر بووە و سەرەڕای ئەو هەموو زوڵم و گەمارۆیە، دەبینین کە چۆن خەڵکی غەززە و کەرتی خۆرئاوا ڕوبەڕوی زایۆنیستەکان دەبنەوە.
ئەمڕۆ فەڵەستینییەکان بە هۆی تێکۆشەران و خۆڕاگریی خۆیانەوە ئەوەیان سەلماندووە کە بڕیار لە دەستی ئەواندایە نەک ڕژێمی زایۆنیستی. ڕەنگە ئەوانەی کە تا دوێنێ هەوڵی دانوستان و ڕێکەوتنەکانی وەک کەمپ دەیڤید و شەرموشەیخیان دەدا و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە دەستپێشخەری لای ئەوانە، ئەمڕۆ دەزانن کە دانوستان سوودی نییە و فەڵەستینییەکان، لوبنانییەکان و سورییەکان بە هیچ شێوازێک بەوان و ئەمریکییەکان متمانەیان نییە.
ئەمڕۆ ڕژێمی زایۆنیستی بە تەواوی لە بەرامبەر خۆڕاگریی فەڵەستینییەکان و گرووپەکانی خۆڕاگری بە لاوازی دەرکەوتووە، شەڕی 33 رۆژە، 22 ڕۆژە، 8 ڕۆژە و ئەوانی دیکە بوونەتە بەڵگەیەک لە سەر شکست و لاوازیی زایۆنیستەکان. ئەمڕۆ رژێمی زایۆنیستی ئەو دۆخەی پێشووی نەماوە، نەک ئەوەی کە بڵێین لە ڕابردوودا هێزی هەبووە، تەنیا بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە هێزی هەیە، ئەمڕۆ ئەوەش ڕوون بووەتەوە کە ئەو هێزە بوونی نەبووە و لاوازترە و بەرەو لەناوچوونیش دەڕوات.
ڕژێمی زایۆنیستی لە ئاستی ناوخۆیی ناوچە داگیرکراوەکانیش بە دەست چەندین قەیرانی گەورەوە دەناڵێنێت و قەد ناتوانێت ببێتە هەڕەشە لە سەر ناوچەکە و وڵاتانی دیکە. ئەمڕۆ لاوازیی ڕژێمی زایۆنیستی زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە.
لەم چوارچێوەدا ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت بزوتنەوەکان بەرەو ڕێکەوتن و پێکەوەبوون ڕۆیشتوون، وەک ئێران و سعوودیە کە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە سەر ئاستی ناوچەکە پێشوازییەکی زۆری لێکرا. بە بۆچوونی بەڕێزتان ئەم ڕێکەوتن و لێک تێگەیشتنە تا کوێ دەڕوات و چ کاریگەرییەکی لە سەر هاوکێشەی هێز لە ناوچەکە دەبێت؟
ئێران و سعوودیە دوو وڵاتی گەورەی ناوچەکەن و پەیوەندییەکانی نێوانیان بە دڵنیاییەوە دەتوانێت هاوکێشەکان بە شێوازێک دابڕێژێتەوە کە لە خزمەتی پاڵپشتی لە خۆڕاگری، مافخوازی و دادپەروەریدا بێت. خاڵی گرنگ ئەوەی کە تەنانەت لە لوتکەی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جەختیان لەوە دەکردەوە کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی دوژمنانی سەرەکی جیهانی ئیسلامن.
ئێمە هیچ کات سعوودیەمان وەک دوژمن دانەناوە و ئەمەش ناکەین، ئەمە سیاسەتی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. کاتێک سوریا ڕوبەڕوی داعش و گرووپە تەکفیرییەکان بوویەوە و ئێران لە بەرەی پاڵپشتیکردنی سوریادا بوو، سەرەتا خوێندنەوەی هەمووان ئەوە بوو کە داعش گرووپێکە کە لە سەر ئازادی و ماف شەڕ دەکات و هەر بۆیە دژی ئەم سیاسەتەی ئێمە بوون و تەنانەت ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە پاڵپشتییان لە داعش دەکرد، بەڵام دواتر بەو ڕاستییە گەیشتن لە هەڵەیان کردووە و ئەم گرووپە، گرووپێکی تیرۆریستیی دەستکردی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییە و تەنیا شتێک کە بۆی گرنگ نییە مافی مرۆڤ و ئازادی و دادپەروەرییە و ئەو هەموو تاوان و کوشتارەشی کردووە.
بە دڵنیاییەوە کە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەدا ڕاستی هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر بۆ هەمووان ڕوون دەبێتەوە.
ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆک کۆمارێکی ئیسلامی ئێرانە بۆ سوریا لە پاش 12 ساڵ. بەڕێزتان لەم سەردانە و پێشوازییەکی گەرم کە لێتان کرا، سوریاتان چۆن بینیوە؟
من زۆر خۆشحاڵم بەوەی کە سەردانی سوریام کردووە و گەل و حکومەتی سوریام زۆر بەهێز، بە ئیرادە، ورەیەکی بەرز و خۆڕاگر لە بەرامبەر دوژمنان بینیوە، ئەڵبەت سەختی و سزا و گەمارۆکانیش هەبووە و کاریگەری ئەو سزایانەش وایکردووە کە هەندێک کەموکوڕی هەبێت و دوژمنان هەوڵ دەدەن کە سامانی سوریا لە دەستی گەل و حکومەتی ئەم وڵاتەدا نەبێت.
خۆڕاگریی سوریا و گەلەکەی لە بەرامبەر قەیرانێکی سەپێندراوی 12 ساڵە جێی ستایشکردنی هەیە. پێم وایە کە لە داهاتوودا هەلومەرجی سوریا گۆڕانکاری زۆر بە خۆوە دەبینێت، بە تایبەت لە ڕووی ئابورییەوە، لە بەر ئەوەی کە خەڵک و حکومەتی سوریا دەیانەوێت ئەم هەلومەرجە بگۆڕن، ئێمەش لە گەڵ برایانی خۆمان لە سوریا دەبین و پێم وایە کە بە پەیوەندی و هاوکاری سوریا و وڵاتانی دیکە ئەم هەلومەرجە گۆڕانکاریی بە سەردا دێت و گەلی سوریا ئەنجام و کاریگەرییەکانی خۆڕاگری لە ژیانی خۆیاندا دەبینن./.