بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەی کەناڵی المیادین لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا تاوتوێ هاوکێشەکانی شەڕی نوێی خۆڕاگریی فەڵەستین و سوپای ڕژێمی زایۆنیستی کردووە. لە درێژەدا شرۆڤەی ڕاپۆرتەکەی المیادین هاتووە:
خۆڕاگریی فەڵەستین و خیانەتی زایۆنیستەکان
لە هەلومەرجی ئێستای شەڕ و پێکدادانەکان، خۆڕاگری هەوڵی دەربازبوون لە شەڕ و ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی نادات، بەڵام ڕژێمی زایۆنیستی بە دەستپێکردنەوەی تیرۆر، خیانەتی لە سەقامگیری و ڕێکەوتنەکان کرد. خۆڕاگری فەڵەستین لە ماوەیەکی زۆر کەمدا شۆکی هێرشی زایۆنیستەکانی تێپەڕاند و لێدانی ئامانجەکانی دەستپێکرد، کاتەکەی کۆنتڕۆڵ کرد و ڕێگای ڕوبەڕوبونەوەی سوپای داگیرکاری زایۆنیستیی گۆڕی، هەر بۆیە، خۆڕاگریی فەڵەستین کە بەدەر لەمەش چاوەڕوان نەدەکرا، لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە ڕەوتی شەڕ و پێکدادانەکانی خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.
پاش ئەم کارنامە بەهێزە، پاڵپشتی وڵاتانی عەرەبی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە خۆڕاگری زیادی کرد، لە کاتێکدا کە پاڵپشتی رۆژئاوا لە ڕژێمی زایۆنیستی بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات. بە گشتی، گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە پیشانیداوە کە دۆخی خۆڕاگری لە ئاستی جیهانی بەرەوپێشچوونی زۆری هەیە، بە تایبەت لە زۆربەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین کە بووەتە درووشمێکی گرنگ و کاریگەر و خەڵک شانازی پێوە دەکەن.
هۆکاری شڵەژانی داگیرکارانی زایۆنیست؟
” ناسر ئەللەحام “ شرۆڤەکاری کەناڵی المیادین بۆ کاروباری فەڵەستین و ناوچەکە، بە ئاماژە بەوەی کە پاڵپشتی ئەمریکا چیدید مەرجی سەرکەوتنی داگیرکارانی زایۆنیست نییە، وتی: لەم هەلومەرجەدا بە پێچەوانەی ڕژێمی زایۆنیستی کە سەرقاڵی کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانە، ڕەوتێکی سیاسی یەکگرتوو بە سەر دۆخی فەڵەستیندا زاڵ بووە.
ناوبراو جەختیکردەوە کە چەک و پێشکەوتنی سەربازی چیدی ناتوانێت سەرکەوتنەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەستەبەر بکات و وتی: تەکتیکی خۆڕاگری و هەروەها کوالیتی و کاریگەریی مووشەکەکان کە ڕژێمی زایۆنیستی کردووەتە ئامانج، هەمووی بوونەتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ خۆڕاگری فەڵەستین لەم شەڕەدا.
ئەو شرۆڤەکارە لە درێژەدا جەختیکردەوە کە شڵەژانی زایۆنیستەکان لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە لەم شەڕەدا بە تەواوی ڕوون بووەتەوە.
بۆ ڕژێمی زایۆنیستی کۆنتڕۆڵی دۆخەکەی لە دەست داوە؟
” قاسم عێزەدین “ شرۆڤەکاری کاروباری سیاسی و نێودەوڵەتی بە کەناڵی المیادین ی ڕاگەیاند: شرۆڤەکان پیشاندەری نەبوونی ستراتیژێکی گونجاون بۆ ڕژێمی زایۆنیستی، لە کاتێکدا کە ستراتیژی غەززە لە بەرامبەر لەناوچوونی داگیرکاران، نەگۆڕ و بەردەوامە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ڕژێمی زایۆنیستی لە ساڵی 2005 تا ئێستا هەوڵی داوە گەلی فەڵەستین لە ڕێگای ئاسمان، دەریا و وشکانییەوە گەمارۆ بدات بەڵام سەرجەم شەڕ و سنوردارکردنەکان و بەرزبوونەوەی توانای زایۆنیستەکان بە پاڵپشتییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و عەرەبی، لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کە ڕێگری لە پێشکەوتنەکانی خۆڕاگری بکات.
ئایا بەردەوامبوونی خۆڕاگری دەتوانێت ئاستی هاوکارییە جیهانییەکان زیاتر بکات؟
” مەنزەر سلێمان “ شرۆڤەکاری کاروباری نێودەوڵەتی و ستراتیژی لە چاوپێکەوتنی کەناڵی المیادین وتی: ڕای گشتی جیهان لە سەر ماف و دادپەروەری یەک هەڵوێستی هەیە، دۆسیەی فەڵەستین گرنگترین دۆسیەی مێژووی هاوچەرخە و لە لایەن ڕای گشتی جیهانەوە گرنگیی پێدەدرێت. ئەمەش هەمان خۆڕاگری و بەردەوامبوونە کە هاودڵیی نێوان مرۆڤەکان زیاتر دەکات.
گەورەترین خاڵە لاوازەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی؟
” ناسر ئەللەحام “ شرۆڤەکاری کاروباری فەڵەستین و ناوچەکە، وتی: خاڵە لاوازەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی تەنیا لە بەرەی ناوخۆیی نییە بەڵکوو بۆ نەبوونی تێڕوانینێکی ستراتیژی سەربازی دەگەڕێتەوە.
ناوبراو وتی: ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕابردوودا لە شەڕێکدا سەرکەوتنی بە دەست دەهێنا و لە شەڕێکی دیکەدا تووشی شکست دەبوو بەڵام ئەمڕۆ لە زۆربەی شەڕەکاندا شکست دەهێنێت.
ئەو شرۆڤەکارە لە درێژەدا وتی: نرخی مووشەکێک لە جۆری سیستەمەکانی ” فلاخن داود ” یەک ملیۆن دۆلارە بەڵام ئەم مووشەکە لە گۆڕەپانی شەڕدا ناتوانێت سەرکەوتن بە دەست بێنێت. ئەمڕۆ سوپای ڕژێمی زایۆنیستی دەبێت پێداچوونەوە لە داگیرکاریدا بکات و هەوڵی خاک و شوێنێکی دیکە بدات.
تێڕوانینی وڵاتانی ئەورووپی بەرامبەر بە ڕژێمی داگیرکار چۆنە؟
” قاسم عێزەدین “ شرۆڤەکاری سیاسی و نێودەوڵەتی لە سەر ئەم تەوەرە بە کەناڵی المیادین ی ڕاگەیاند: بەیاننامەی ئەم دواییەی یەکێتی ئەورووپا کە بۆ یەکەم جار ئاماژەی بە پێویستی بەرگری ڕژێمی زایۆنیستی لە خۆی نەداوە، زۆر گرنگ و بەرچاو بووە. وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش ڕایگەیاندووە کە مافی بەرگری لە خۆ بەندە بە ڕێژەی ڕێزلێنان لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و هێرشنەکردنە سەر کەسانی سڤیل.
کێ حوکمی ڕژێمی زایۆنیستی دەکات؟
” ناسر ئەللەحام “ جەختیکردەوە کە ئەمڕۆ ماڵپەڕە میدیاییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زاڵە بە سەر حکومەتی ڕژێمی زایۆنیستیدا، سەردەمی سانسۆری سەربازی کە تێڕوانینی خۆیی بە سەر شارۆچکە نشینەکاندا دەسەپاند، کۆتایی هاتووە.
ناوبراو وتی: ئەمڕۆ هەر زایۆنیستێکی نیشتەجێی شارۆچکەکان لە ڕێگای مۆبایلەکەیەوە دەزانێت چی ڕوو دەدات، وێنە دەگرێت و بڵاوی دەکاتەوە و ئەمەش بۆ سوپا و کابینەی ڕژێمی زایۆنیستی سانسۆر ناکرێت.
بەهێزبوونی خۆڕاگریی گەلی فەڵەستین
” مەنزەر سلێمان “ شرۆڤەکاری کاروباری ستراتیژی و نێودەوڵەتی، ڕەخنەی لە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین گرت و وتی کە ڕۆڵ و کاریگەریی لە هاوکێشەکانی فەڵەستیندا نەماوە.
ناوبراو وتی: ئەمڕۆ خۆڕاگری بووەتە بژاردەیەکی بەهێز بۆ فەڵەستینییەکان، لە ئاستی مەیدانیدا خۆڕاگری سەرکردایەتی دەکات و خەڵکی فەڵەستین جەخت لە سەر بەردەوامی خۆڕاگری دەکەنەوە. دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین لە ئامانجەکانی گەل دوور کەوتووەتەوە. بەردەوامی فەڵەستینییەکان بووەتە هۆکارێک بۆ چاکسازی لەم دۆخەدا./.