بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە مەبەستی بەشداری لە چوارەمین خولی وتووێژەکانی ئیسلام و کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشوری بە میوانداری ڕێکخراوی کەلتور و پەیوەندییەکانی ئیسلامی، پاتریاک مار ئاوا ڕوئیل ڕابەری جیهانیی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشوری و شاندی یاوەری، ڕۆژی هەینی 12 ی ئایاری 2023 لە کاتی گەیشتنیان بۆ تاران سەردانی مەزاری پیرۆزی دامەزرێنەری مەزنی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کرد و ڕێزیان لە پێگەی ئەو ڕێبەرە کارێزمایە نا.
ڕێبەری ئاشورییەکانی جیهان لە وتەیەکدا هیوای خواست لایەنگران و شوێنکەوتووانی ئائینە جیاجیاکان لە گەڵ یەکتردا پێکەوەژیانێکی ئاشتیانەیان هەبێت و جەختی لە سەر ڕۆڵی کەسایەتییە ئائینییەکان لە ڕێنمایی و ئامۆژگاری کۆمەڵگاکاندا کردەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە بانگەشەی دژە ئائینەکان لە ئاستی جیهان، ئەرک و بەرپرسیاریەتی زاناکانی لەم پێناوەدا بە گرنگ ناو برد.
لە سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمەدا کە عەلی ئەکبەر زیایی سەرۆکی ناوەندی وتووێژی ئائینەکان و کەلتورەکان، زەهرا ڕەشید بەیگی بەرپرسی فەرمانگەی وتووێژی ئیسلام و مەسیحییەکانی ئۆرتۆدکۆس و پرۆتستان و سەید مالک هاشمی بەرپرسی کاروباری ڕۆشبیریی کۆنسووڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، ئامادەی بوون، ئامادەبووان تاجە گوڵینەیان لە سەر مەزاری پیرۆزی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) دانا و بەیعەتیان لە گەڵ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران نوێ کردەوە.
شیاوی ئاماژەیە کە چوارەمین خولی وتووێژی ئیسلام و کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشوری بە ئامانجی پتەوکردنی هاوکارییە دووقۆڵییەکان لە بواری وتووێژی ئائینەکان و کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشوری، ڕۆژی شەممە 23 ی گوڵانی 1402 ی کۆچی هەتاوی بەرامبەر بە 13 ی ئایاری 2023 لە حوسێنیەی ئەلزەهرا (س) لە تاران بەڕێوە دەچێت./.